Accessibility links

تەقینەوەیەک لە هۆتێلێکی پاکستان ژمارەیەک کوژرا و برینداری لێدەکەوێتەوە


بەرپرسانی پاکستان وتیان لە ئاکامی تەقینەوەیەکدا لە هۆتێلێکی ڕۆژئاوای پاکستان لانی کەم چوار کەس کوژران و زیاتر لە 10 کەسی تر برینداربوون، جێی ئاماژەیە هۆتێلەکە میوانداری نوێنەری چین لە پاکستان دەکات.

تەقینەوەکە لە گەراجی سەر بە هۆتێلی " سیرینا " لە شاری کویتای پایتەختی هەرێمی بلوشستان ڕوویداوە، ماوەی دەیەیەکە سوپای پاکستان لەو هەرێمەدا ڕووبەڕووی یاخیبووان دەبنەوە.

وەزیری ناوخۆی پاکستان شێخ ڕەشید ئەحمەد بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسی وت " لانی کەم چوار کەس کوژراون و 12 کەسی دیکە برینداربوون." تەقینەوەکەشی بە " کردەوەیەکی تیرۆریستی " ناودێر کرد.

وتیشی " شاندێکی چینی کە پێکهاتوون لە چوار کەس لەنێویاندا نوێنەری چین لە هۆتێلەکەدا دەمێننەوە." ئەوەشی خستەڕوو نوێنەرەکەی چین لەکاتی تەقینەوەکەدا لە دەرەوەی هۆتێلەکە بووە و ئامادەی کۆبوونەوەیەک بووە.

هەرێمی بلوشستان دەوڵەمەندە بە کانزا سروشتیەکان، سەرەڕای ئەوەش هەژاریی باڵی بەسەر هەرێمەکەدا کێشاوە، ئەمەش بۆتە هۆی توڕەبوونی دانیشتوانی هەرێمەکە کە پێیان وایە سەروەتی ناوچەکەیان بەشێوەیەکی یەکسان دابەش ناکرێت بەسەریاندا.

بەرپرسێکی باڵای پۆلیسی شارەکە ژمارەی قوربانیانی پشتڕاستکردەوە و ئاماژەی بەوەدا نوێنەری چین لەکاتی تەقینەوەکەدا لە هۆتێلەکەدا نەبووە.

وتیشی " لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریدەخەن تەقینەوەکە لەڕێی بۆمبێکی دەستکردی ناوخۆییوە بووە و لە یەکێک لە ئوتومبێلەکان بەستراوە."

تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی هێرشەکەی نەگرتۆتە ئەستۆ.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG