له هێرشێکی فڕۆکه‌ی بێ فڕۆکه‌وان ئه‌وه‌ی گومانی لێده‌کرێت ئه‌مه‌ریکایی بووبێت، یه‌کێک له ڕابه‌رانی هه‌ره داواکراوی تێرۆریست له پاکستان کوژراوه.
له‌و باره‌یه‌وه ئه‌مڕۆ سه‌رچاوه‌کانی زانیاری سییخوڕی پاکستانی گوتیان ڕابه‌ری باڵای قاعیده ئیلیاس که‌شمیری له هێرشه ئاسمانیه‌که‌دا بۆ سه‌ر جێگه‌یه‌ک له وه‌زیرستانی باشور له‌گه‌ڵ 8 ملیشیای دیکه‌دا کوژرا.
گرووپی میلیشیای که‌شمیر ناسراو به حه‌ره‌که‌تی موجاهیدینی ئیسلام ، ئه‌ویش له فاکسێـکدا که بۆ ده‌زگاکانی هه‌واڵی ناردبوو کوشتنه‌که‌ی پشتڕاست کرد و گوتی که‌شمیری دوێنێ هه‌ینی شه‌هید بوو .
ئه‌وه‌ی شایانی باسه وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا ئیلیاس که‌شمیری ڕابه‌ری باڵای قاعیده‌ی به تێرۆریستێکی تایبه‌تی جیهانی دیاری کردبوو ، هه‌روه‌ها وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا بڕی 5 ملیۆن دۆلاری وه‌ک خه‌ڵات دانابوو بۆ پێدانی زانیاری ئه‌وه‌ی ببێته مایه‌ی ده‌ستگیرکردنی ناوبراو.
وڵاته یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌مه‌ریکا ئۆباڵی ئه‌نجامدانی ئه‌و هێرشه‌ی ساڵی 2006 ی کرایه سه‌ر کونسڵخانه‌ی وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا له شاری که‌راچی خستبووه ئه‌ستۆی گرووپی حه‌ره‌که‌تی ئه‌لجیهاد ئه‌لئیسلامی، ئه‌و هێرشه‌ی تێـیدا 4 که‌س کوژران و هه‌روه‌ها 48 که‌سی دیکه‌ش برینداربوون.