ئه‌مڕۆ پێنچشه‌ممه سنوری پاکستانی هه‌ر داخراوه به‌رووی گواستنه‌وه‌ی که‌ل و په‌لی ناتۆ بۆ هێزه‌کانی له ناو ئه‌فغانستان، ئه‌مه سه‌ره‌ڕای داوای لێبوردنێکی و‌ڵاته یه‌کگرتووه‌کان بۆ په‌ڵامارێکی سه‌ر سنوری که‌وا سه‌ربازی پاکستانی تێدا کوژران.
ئه‌مڕۆ پێنچشه‌ممه وته‌بێژی وزاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی پاکستانی عه‌بدولباست به په‌یامنێرانی گوت که‌وا کاربه‌ده‌ستان خه‌ریکی هه‌ڵسه‌نگاندنی ڕه‌وشی ئاسایشین و بڕیاری کردنه‌وه‌ی ڕێگای گواستنه‌وه‌ی که‌ل و په‌ل له کاتی گونجاو‌دا ده‌درێت و نه‌یویست کاتێک دیاری بکات بۆ دووباره کردنه‌وه‌ی خاڵێکی سه‌ره‌کی تێپه‌رینی سنوری.
کاربه‌ده‌ستانی پاکستانی هه‌فته‌یه‌ک له‌مه‌وه‌به‌ر فه‌رمانی داخستنی سنوری په‌ڕینه‌وه‌ی تۆرخۆمییان دا پاش ئه‌وه‌ی هه‌لیکۆپته‌ره‌کانی ناتۆ مۆشه‌کییان گرته بنکه‌یه‌کی له‌شکری پاکستانی که‌وا دوو سه‌ربازی پاکستانی کوژران و چواریش برینداربوون.
باڵیۆزی و‌ڵاته یه‌کگرتووه‌کان له پاکستان په‌لاماره‌که‌ی به هه‌لیکۆپته‌ری به ڕوداوێکی ناخۆش ناوبرد. ڕۆژی چوار شه‌ممه ئان پاترسن گوتی و‌ڵاته یه‌کگرتووه‌کان مه‌خابنی قووڵی خۆی بۆ پاکستان و بۆ خێزانه‌کانی ئه‌وانه‌ی کوژران ده‌رده‌بڕێت.
پاکستان پێشتر ڕایگه‌یاندبوو که‌وا سێ له سه‌ربازه‌کانی له په‌لاماره‌که کوژراون، به‌ڵام ڕۆژی چوارشه‌ممه لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی هاوبه‌شی ناتۆ و پاکستانی له‌مه‌ڕ ڕووداوه‌که گوتی دوو کوژراون و چوار بریندارن
جه‌نه‌ڕاڵ ده‌یڤد په‌تریۆس که سه‌رکردایه‌تی هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکا و ناتۆ له ئه‌فغانستان ده‌کات ئه‌ویش مه‌خابنی خۆی بۆ کوژرانی سه‌ربازه‌کان ده‌ربڕی و ده‌ڵێت هێزه‌کانی هاوبه‌ند مه‌خابنی قووڵ ده‌رده‌بڕن بۆ ئه‌وانه‌ی ژیانیان له‌ده‌ست داوه. جه‌نه‌ڕاڵ په‌تریۆس به‌ڵێنی دا که‌وا له نزیکتره‌وه له‌گه‌ڵ له‌شکری پاکستانی کار بکه‌ن بۆ دڵنیا کردنی ئه‌وه‌ی جارێکی تر ڕووداوێکی له‌و جۆره ڕونه‌داته‌وه.
له هه‌مان کاتدا تالیبانی پاکستانی دوو له په‌لاماره‌کانی ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ی خسته ئه‌ستۆی خۆیه‌وه که کردیانه سه‌ر ده‌یان تراکی سووته‌مه‌نی هه‌ڵگر بۆ هێزه‌کانی ناتۆ له ئه‌فغانستان.