Accessibility links

زیاتر لە 400 کەس لە ڕووسیا دەستگیر دەکرێن، لە کاتێکدا وڵاتەکە بۆ مەرگی ناڤاڵنی ماتەمینی دەگێڕێت


ڕێکخراوێکی دیاری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت زیاتر لە 400 کەس لە ماوەی ڕێزلێنانییان لە ڕابەری ئۆپۆزسیۆنی ڕووسیا ئالێکسی ناڤاڵنی دەستگیرکراون، ناڤاڵنی ڕۆژی هەینی لە زیندانێکی دوورەدەستی جەمسەری باکوور گیانی لە دەستدا.

مەرگی لە ناکاوی ناڤاڵنی تەمەن 47 ساڵ زۆرێک لە ڕووسییەکانی دڵگران کرد، کە ئومێدی زۆرییان پێی هەبوو. ناڤاڵنی بەردەوام بوو لە ڕەخنەگرتن لە کرێملن، تەنانەت دوای ئەوەش کە ژەهراوی کرا و چەندین جار زیندانی کرا.

هەواڵی مەرگی ناڤاڵنی کاردانەوەیەکی جیهانی لێکەوتەوە، زۆرێک لە ڕابەرانی جیهان بەرپرسیارێتی مەرگی ناڤاڵنییان خستەپاڵ سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن و حکومەتەکەی. بایدن ڕۆژی هەینیش جەختی لە هەڵوێستەکەی خۆی کردەوە و وتی " لە ڕاستیدا پوتن بەرپرسە، فەرمانی بەو کارە کردبێت یاخود نا، ئەو بەرپرسە لەو هەلومەرجە. "

سەدان کەس لە شارەکانی ڕووسیا چوونە میمۆڕیاڵ و مۆنۆمێنتەکانی ئەو کەسانەی کە لە ڕووی سیاسییەوە سەرکوتکراون و گوڵ و مۆمییان وەکو ڕێزلێنانێک بۆ ناڤاڵنی دانا. بەپێی ڕێکخراوی ئۆ ڤی دی ئینفۆی مافەکانی مرۆڤ کە چاودێری دەستگیرکردنە سیاسییەکان دەکات و یارمەتی یاسایی دابین دەکات، لە نزیکەی 12 شاردا، تاوەکو شەوی شەممە پۆلیس 401 کەسی دەستگیر کردووە.

ڕێکخراوەکە وتی زیاتر لە 200 کەس لە شاری سەینت پیتەرسبێرگ دەستگیرکراون، کە دووەمین گەورەترین شاری ڕووسیایە. لە نێو دەستگیرکراوەکاندا میخنۆڤ ڤۆیتینکۆیان تێدایە کە قەشەیەکی کڵێسای ئۆرثۆدۆسکی ئاپۆستۆلیکە، کە گروپێکی ئایینی سەربەخۆیە لە کڵێسای ئۆرثۆدۆسکی ڕووسیا، ڤۆیتینکۆ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕایگەیاند پرسەیەک بۆ ناڤاڵنی بەڕێوەدەبات و ڕۆژی شەممە لە دەرەوەی ماڵەکەی خۆی دەستگیرکرا. بە تۆمەتی ڕێکخستنی گردبوونەوە تۆمەتبارکرا. بەڵام دواتر بەهۆی جەڵتەوە گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە.

ڕێکخراوەکو وتی دادگاکانی سەینت پیتەرسبێرگ سزای 1 بۆ 6 ڕۆژ زیندانیکردنییان بەسەر 42 کەس لە دەستبەسەرکراوەکاندا سەپاندووە، نۆ کەسی دیکەیان غەرامە کراون. لە مۆسکۆش لانیکەم شەش کەس سزای 15 ڕۆژ زیندانیکردنییان بەسەردا سەپێندراوە.

لە شاری کراسنۆداری باشووریش کەسێک زیندانیکراوە و دوو کەسی دیکەش لە شاری بریانسک زیندانیکراون.

هەواڵی مەرگی ناڤاڵنی مانگێک پێش هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ڕووسیا دێت کە بە شێوەیەکی بەرچاو پێشبینی دەکرێت پوتن بۆ خولێکی دیکەی شەش ساڵیی وەکو سەرۆکی ئەو وڵاتە هەڵبژێردرێتەوە.

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG