دەزگای ئینەرگۆتۆمی سەرپەرشتیاری وێستگەی ناوەکی زاپۆریژا دەڵێت بەهۆی ڕێوشوێنی پارێزراوییەوە سەرجەم کارەکانی وێستگەکە ڕاگیراون.
ئینەرگۆتۆم لە بەیاننامەیەکدا گوتی " وێستگەکە بەتەواوەتی وەستاوە "، ئەوەش دوای ئەوەی یەکەی کارەبای ژمارە 6 ی وێستگەکە لە سیستمی کارەبای گشتی دابڕێندراوە. وتیشی " ئامادەکاریی دەکرێت بۆ ساردکردنەوەی یەکەکە."
وێستگەی ناوەکی زاپۆریژا لە مانگی سێدا لەلایەن هێزەکانی ڕووسیاوە کۆنتڕۆڵکرا، بەڵام تاوەکو ئێستا کارمەندانی ئۆکرانیا بەڕێوەی دەبەن. وێستگەکە گەورەترین وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبایە لە ئەوروپادا و شەش یەکەی کارەبای هەیە و لە ئێستادا تەنها یەکەی ژمارە شەش کاردەکات و سەرجەمییان پەیوەستن بە سیستمی کارەبای گشتی ئۆکرانیاوە.
ڕۆژی چوارشەممە کیێڤ داوای لە دانیشتوانی ناوچەکانی دەوروبەری وێستگەکە کرد کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی ڕووسیادان ناوچەکانیان چۆڵ بکەن.
ڕووسیا و ئۆکرانیا یەکترییان تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی بۆردومانکردنی وێستگەکە و ئەمەش نیگەرانی کەوتنەوەی کارەساتێکی ئەتۆمی دروست کردووە.
سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی داوای کردووە ناوچەیەکی داماڵینی سەربازی لە ناو و دەوروبەری وێستگەکەدا دابمەزرێندرێت.
ڕۆژی شەممە ئینەرگۆتۆم گوتی بەهۆی زیان گەیشتن بە یەکەی کارەبای ژمارە شەشەوە یەکەکە ڕاگیراوە، وتی " بەهۆی ئەوەوە بڕیاردرا یەکەی ژمارە 6 دابخرێت و بخرێتە دۆخی سارکردنەوەوە." وتیشی هێشتا مەترسییەکی زۆر هەیە زیانێکی زیاتر بە هێڵەکە
بگات.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز