Accessibility links

دەزگایەکی چاودێری: هیچ بنەمایەک نییە لەسەر ئەوەی هێرشەکەی 2017 ی سوریا چەکی کیمیایی تێدا بەکارهاتبێت


دەزگای نێودەوڵەتی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی دەڵێت " هیچ بنەمایەک نییە ڕێی تێبچێت " لەسەر ئەوەی بڵێیت هێرشەکەی ساڵی 2017 لە سوریا کە خراپە پاڵ ڕێکخراوی داعش چەکی کیمیایی تێدا بەکارهاتووە.

دەزگاکە دەڵێت دیمەشق لە مانگی یانزەی ساڵی 2017 دا باسی لە " بەکارهێنانی ماددەی ژەهراویی کیمیایی کرد لە هێرشێکی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشدا دژی ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دیکە بە ناوی ئەکنەف بەیت ئەلمەقدیسەوە."

ئەو هێرشە لە مانگی 10 ی ئەو ساڵەدا لە ناوچەی یەرموکی دیمەشق ڕوویدا.

دیمەشق لەو کاتەدا بە دەزگای قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی وت بەهۆی ئەو هێرشەوە چەند حاڵەتێکی هەناسە توندی و " لە دەستدانی هۆش لە نێو چەکدارانی گروپی تیرۆریستی ئەکنەفدا هەبوون."

بەڵام دەزگاکە کە بنکەکەی لە لاهایە وتی دوای لێکۆڵینەوە لەو ڕووداوە، ئەرکی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی دەزگاکە بۆی دەرکەوتووە کە " هیچ بنەمایەک نیە ڕێی تێبچێت لەسەر ئەوەی بە دڵنیاییەوە بڵێیت ماددەی کیمیایی ژەهراویی لەو ڕووداوەدا وەکو چەکێک بەکارهاتووە."

ئەرکی دۆزینەوەی ڕاستییەکان کە لە ساڵی 2014 دا دامەزرا، لێکۆڵینەوە لە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دەکات لە سوریادا، بەڵام ناتوانێت ئەو کەسانە بناسێنێت کە لە پشت ئەو هێرشانەوەن.

لێکۆڵەرەوانی دەزگای قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی دۆزینەوەکانییان لە شیکاریکردن بۆ نموونە کیمیاییەکان و چاوپێککەوتنییان لەگەڵ شایەتحاڵان و وێنە و ڤیدیۆ و بەڵگەنامەکانی حکومەتی سوریاوە سەرچاوە دەگرێت.

دەزگاکە وتی " شیکاریی نموونەکان هیچ ئاماژەیەکییان نەداوە لەسەر ئەوەی ماددەی کیمیایی وەکو چەکێک بەکارهێندرابێت."

وتی " هیچ جۆرێکی ئەو ماددە کیمیاییانە و بەرهەمەکانییان بوونییان نەبووە."

جەنگەکەی ناو سوریا بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە نیو ملیۆن کەس.

لە ساڵی 2013 دا سوریا ڕازیبوو پەیوەندی بە دەزگای قەدەغەکردنی چەکی کیمیاییەوە بکات، ئەوەش بە ماوەیەکی کورت دوای ئەوەی لە هێرشێکدا کە گوایە بە گازی کیمیایی ئەنجام دراوە زیاتر لە 1400 کەس لە نزیک دیمەشق کوژران.

بەڵام دەزگاکە ڕژێمەکەی سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەدی تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی بەردەوامبوونی لە هێرشکردنە سەر هاووڵاتییانی سڤیل بە چەکی کیمیایی لە شەڕی خوێناویی ناوخۆی سوریادا. دیمەشقیش ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکاتەوە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG