Accessibility links

بەلەمێکی کۆچبەران لە کەناڵی ئینگلیز نقووم دەبێت و لانیکەم 6 کەس گیانیان لە دەستدەدەن


بەرپرسانی ناوخۆ دەڵێن بەهۆی نقوومبوونی بەلەمێکی کۆچبەرانەوە کە هەوڵیداوە لە فەڕەنساوە بە کەناڵی ئینگلیزدا تێپەڕێت لانیکەم 6 کەس گیانییان لە دەستداوە و زیاتر لە 50 کەسی دیکە ڕزگارکراون.

سەرۆکی شارەوانی شارۆچکەیەکی فەڕەنسا فرانک دێرسین وتی کاتژمێر 6 ی بەیانی ڕۆژی شەممە ئەرکێکی فریاکەوتنی گەورە بەڕێوەچووە لە کاتێکدا کە دەیان بەلەمی کۆچبەران هەوڵییانداوە لە هەمان کاتدا بە کەناڵەکەدا تێپەڕن.

دێرسین بە ڕۆیتەرزی وت " چەندین بەلەم ڕووبەڕووی سەختییەکی مەترسیدار بوونەتەوە، لە نزیک شارۆچکەی سانگاتی بە داخەوە لاشەی مردوویان دۆزیوەتەوە."

کەناڵەکەی نێوان فەڕەنسا و بەڕیتانیا یەکێکە لە قەرەباڵغترین ڕێڕەوی بازرگانی لە جیهاندا و شەپۆلەکانی بەهێزن، ئەوەش وادەکات تێپەڕبوون لە ڕێی بەلەمی بچووکەوە بە کەناڵەکەدا مەترسیدار بێت.

خۆبەخشێک کە لەگەڵ یەکێک لە بەلەمەکانی فریاکەوتندا بوو، ئان ثۆرێڵ، وتی " 54 کەسمان ڕزگار کرد، ژنێکیشیان تێدا بوو."

وتیشی " ژمارەیەکی زۆر لەسەر بەلەمەکە بوون."

ثۆڕێڵ بە ڕۆیتەرزی وت ئەو بەلەمەی کە ئەم بەشدار بووە لە ڕزگارکردنی سەرنشینەکانیدا هیچ کەسێکیان گیانی لە دەست نەداوە.

پاسەوانی کەناری بەڕیتانیا وتی بەلەمی فریاکەوتنی لە دۆڤەرەوە ڕەوانە کردووە بۆ یارمەتیدان لە ئەرکەکانی فریاکەوتندا، هاوکات ستافی فریاکەوتنی خێرا و پاسەوانی کەنارەکەی ڕەوانە کردووە.

بەپێی داتاکانی حکومەتی بەڕیتانیا، ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی کە لە سەرەتای ساڵی 2018 ەوە بە کەناڵەکەدا تێدەپەڕن لەم هەفتەیەدا 100,000 کەسی تێپەڕاندووە. لەم ساڵدا نزیکەی 16,000 کەس بە کەناڵەکەدا تێپەڕیوە.

حکومەتەکەی سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا ڕیشی سوناک لەم هەفتەیەدا هەوڵەکانی ڕاگەیاند بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی کۆچبەران لە وڵاتەکەدا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG