Accessibility links

دەزگای ڕاگەیاندنی ئێرانی: کوژرانی سەرکردەیەکی سوپای پاسداران و چەکدارێکی دیکە لە سوریا


دەزگای ڕاگەیاندنی ئێران وتی لە ڕۆژانی ڕابردوودا سەرکردەیەکی سوپای پاسدارانی ئێران و چەکدارێکی ئێرانی لە شەڕیاندا دژی ڕێکخراوی داعش لە سوریا کوژراون.

بۆ ماوەی چەند ساڵێکە سوپای پاسدارانی ئێران پشتیوانی سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد دەکات.

بەرپرسێکی ئێرانی ساڵی ڕابردوو بە دەزگای تەسنیمی ئێرانی ڕاگەیاند زیاتر لە یەک هەزار ئێرانی لە سوریا کوژراون و لەنێو کوژراوەکاندا کۆمەڵێک سەرکردەی باڵای سوپای پاسدارانیان تێدایە، کە بەهێزترین هێزی ئێرانیە و سەرپەرشتیاری ئیمپڕاتۆریەتی داراییە کە بڕەکەی دەگاتە بلیۆنان دۆلار.

دەزگای هەواڵی فارس وتی سەرکردەی سوپای پاسداران خەیروڵا سەمەدی کە بەرپرسی یەکەیەکە لە سوریا ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو لە شەڕێکدا لەناوچەی ئەلبوکەمال کوژراوە.

ماڵپەڕی هەواڵی قەتەڕی وتی سەمەدی لە شەڕەکاندا دژی ڕێکخراوی داعش کوژراوە. پێشتریش دەزگای هەواڵی ئێرانی هەواڵی لەسەر شەڕەکەی ئەو ناوچەیە بڵاوکردبۆوە لەنێوان چەکدارە شیعەکان و ڕێکخراوی داعشدا.

یەکەی ڕاگەیاندنی جەنگیی سەر بە حیزبوڵا ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند سوپای سوریا و هاوپەیمانەکانی بەتەواوەتی کۆنتڕۆڵی ئەلبوکەمالیان کردۆتەوە، کە کۆتا گەورەترین ناوچە بوو لەژێر دەستی ڕێکخراوی داعش لە سوریادا.

دەزگای هەواڵی فارس وتی لە ئەنجامی تەقینەوەی هاوەنێکدا سەمەدی کوژراوە.

سەمەدی لە هەشتاکاندا لەشەڕی نێوان عێراق و ئێراندا بەشداری کردووە و دواتر لە سوپا خانەنشین کراوە پێش ئەوەی بچێت بۆ سوریا.

ماڵپەڕە هەواڵییەکانی ئێران وێنەیەکی سەمەدییان بڵاوکردۆتەوە کە تیایدا لەگەڵ قاسم سولەیماندایە کە ئەویش بەرپرسی ئەرکەکانی سوپای پاسدارانی ئێرانە لە دەرەوەی ئێران.

دەزگای هەواڵی فارس وتی چەکدارە ئێرانییەکەی دیکە ناوی مەهدی موحدینا بووە و لە شەڕەکەی ڕۆژی شەممەدا لەگەڵ ڕێکخراوی داعش لە ناوچەی مەیادین کوژراوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG