سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانی عێراق مه‌سعود بارزانی ڕۆژی شه‌ممه چوار بڕیاری ده‌ركرد سه‌باره‌ت به ڕاده‌ستكردنی ئه‌و که‌سانه‌ی له دادگاکانی هه‌رێمی کوردستان بڕیاری ده‌ستگیرکردنیان بۆ ده‌رچووه، دووباره خه‌رجکردنی بودجه‌ی حزبه به‌شداربووه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان به ئۆپۆزسیۆنیشه‌وه، ده‌ستگیرنه‌کردنی هێچ که‌سێک به‌بێ ڕێوشوێنی یاسایی و راسپاردنی حکومه‌ت به پێکهێنانی لیژنه‌یه‌ك بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی سزادراوه سیاسیه‌کانی ئه‌ندامانی ئۆپۆزسیۆن.
له گفتوگۆیه‌کدا له‌گه‌ڵ ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا، په‌رله‌مانتار عومه‌ر عه‌بدولعه‌زیز گوتی "ئه‌و بڕیارانه‌ی به‌ڕێز سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان بڕیاری به‌جێن و داواکاری ئۆپۆزسیۆنن."
په‌رله‌مانتاری سه‌ر به یه‌کگرتووی ئیسلامی گوتی "ده‌بوایه ئه‌م بڕیارانه زووتر جێبه‌جێ بکرانایه و جه‌ختکردنه‌وه‌ی به‌ڕێز سه‌رۆکی هه‌رێم وه‌ک مه‌رجه‌عێک له کوردستان جێگای بایه‌خه."
به‌ڕێز عومه‌ر عه‌بدولعه‌زیز هه‌روه‌ها گه‌شبینی خۆی راگه‌یاند که بڕیاره‌کانی سه‌رۆکی هه‌رێم ببنه هۆی ئه‌وه‌ی کۆبوونه‌وه پێنج قۆڵیـیه‌کانی نێوان ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن ده‌ستپێبکه‌نه‌وه.
هاوکات به‌پێی ماڵپه‌ری سبه‌ی سه‌ر به بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، وته‌بێژی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه بڕیاره‌کانی سه‌رۆکی هه‌رێم به ئیجابیانه وه‌سف ده‌کات و ده‌ڵێت ئه‌و بڕیارانه‌ی سه‌رۆکی هه‌رێم، داواکاری ئۆپۆزسیۆن بوون.
ده‌توانن گوێبیسـتی ده‌قی ڕاپـۆرته‌كه بن له ڕێـگه‌ی كلیـكـكردنی ئه‌و فایله ده‌نـگیـیانه‌ی سه‌ره‌وه‌ی ده‌سته چه‌پ.