Accessibility links

سوڵتانی عومان سەردانی ئێران دەکات


سەرۆکی ئێران ئیبراهیم ڕەئیسی و سوڵتانی عومان هەیثەم بن تاریق ئال سەعید، تاران
سەرۆکی ئێران ئیبراهیم ڕەئیسی و سوڵتانی عومان هەیثەم بن تاریق ئال سەعید، تاران

دەزگای ڕاگەیاندنی ئێران بڵاویکردەوە سوڵتانی عومان هەیثەم بن تاریق ئال سەعید ڕۆژی یەکشەممە گەیشتووەتە تاران و بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لە ئێران دەمێنێتەوە. پێشبینی دەکرێت لە سەردانەکەیدا سەنگ بخاتە سەر پرسە سیاسیی و ئاسایشییەکانی ناوچەکە. ئەمەش دوو ڕۆژ دوای ئەوەی عومان نێوەندگری کرد لە ئاڵوگۆڕکردنی زیندانییەکان لە نێوان ئێران و بەلجیکادا.

عومان لە مێژە قسەکەری ڕۆژئاوا بووە لەگەڵ ئێراندا و نێوەندگری کردووە لە ئازادکردنی چەندین هاووڵاتی بیانی و ئەو هاووڵاتییانەی دوو ڕەگەزنامەیان هەیە.

ڕۆژی هەینی عومان یارمەتیدەر بوو لە دڵنیابوونەوە لە ئازادکردنی کارمەندێکی بەلجیکایی یارمەتییە مرۆییەکان، کە لە ساڵی 2022 دا لە ئێران دەستگیرکرا و بە تۆمەتی سیخوڕیکردن تۆمەتبار کرا و سزای 40 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا، بەڵام لەگەڵ دیپلۆماتکارێکی ئێرانیدا کە بەلجیکا سزای 20 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپاندبوو ئاڵوگۆڕی پێکرا.

بەڵام تاوەکو ئێستا دەیان هاووڵاتی بیانی و هاووڵاتییانی هەڵگری دوو ڕەگەزنامە لە زیندانەکانی ئێراندا ماونەتەوە، زۆربەیان بە تۆمەتی سیخوڕیکردن و بابەتەکانی پەیوەست بە ئاسایشەوە تۆمەتبار کراون. گروپەکانی مافەکانی مرۆڤ ڕەخنەیان لە دەستگیرکردنەکان گرتووە و دەڵێن تاکتیکێکی ئێرانە بۆ سوود وەرگرتن لێیان دژی ڕۆژئاوا. تارانیش ئەوە ڕەت دەکاتەوە.

کەناڵی سەر بە دەوڵەتی ئێران بڵاویکردەوە هەیثەم لەگەڵ سەرۆکی ئێران ئیبراهیم ڕەئیسیدا کۆبۆوە، وتیشی ئێران و عومان لانیکەم چوار ڕێککەوتن لە بوارەکانی وەکو ئابووری و وەبەرهێنان و وزەدا واژۆ دەکەن.

دەزگای ڕاگەیاندنی ئێران وتی پێشبینی دەکرێت بابەتەکانی وەکو پەیوەندییە خراپەکانی نێوان ئێران و میسڕ و بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لە ماوەی سەردانەکەی هەیثەمدا تاوتوێ بکرێن.

سەردانەکە لە کاتێکیشدایە ئێران دووبارە ڕەخنەی لێگیراوەتەوە لەسەر تۆمارەکانی لە مافەکانی مرۆڤ و ئەو تۆمەتانەدا کە گوایە ڕووسیا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دروستکراوی ئێرانی لە جەنگەکەیدا دژی ئۆکرانیا بەکاردەهێنێت. تاران ڕەتی دەکاتەوە فڕۆکەی فڕۆکەوانی دابێت بە مۆسکۆ تاوەکو لە جەنگەکەیدا لە ئۆکرانیا بەکاریبهێنێت.

لە مانگی نۆی ساڵی ڕابردووشەوە هەوڵەکانی شەش وڵاتی زلهێزی جیهان بۆ دووبارە زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 ی ئێران چەقییان بەستووە، ئەمەش لە نێوەندی زیادبوونی نیگەرانییەکانی ڕۆژئاوادا سەبارەت بە بەرەوپێشچوونی خێرای بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.

لە ساڵی 2018 دا ئەمەریکا لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە کشایەوە و سەرجەم سزاکانی بەسەر ئێراندا سەپاندەوە، لە بەرامبەریشدا ئێران چەندین لە بەرپرسیارێتیەکانی بەپێی ڕێککەوتنەکە پشتگوێ خست.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG