بەپێی توێژینەوەیەک کە لە ڕۆژنامەی لانسێتی تەندروستیدا بڵاوبووەتەوە، لە ئێستادا زیاتر لە یەک ملیار کەس بە دەست کێشەی قەڵەوییەوە دەناڵێنن و لە ساڵی 1990 ەوە ئەو ژمارەیە چوار هێندە بووە.
بەپێی توێژینەوەکە کە لەگەڵ ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیدا ئەنجام دراوە، " پەتاکە " بە تایبەتی لە وڵاتانی هەژارتر دەدات و ڕێژەکەش لە نێو منداڵان و هەرزەکاراندا زۆر خێراتر وەک لە نێو پێگەیشتوواندا زیاد دەکات.
توێژینەوەکە پێش ڕۆژی جیهانی قەڵەوی کە دەکاتە 4 ی مانگی سێ بڵاوکرایەوە، بەپێی توێژینەوەکە، لە ساڵی 1990 دا نزیکەی 226 ملیۆن قەڵەو لە جیهاندا هەبوون، بە پێگەیشتوو و منداڵ و هەرزەکاریشەوە. لە ساڵی 2022 دا ئەو ژمارەیە زیاد بووە بۆ 1,038 ملیۆن کەس.
بەڕێوبەری خۆراکسازی بۆ تەندروستی لە ڕێکخراوی تەندروستی جیهان، فرانسێسکۆ برانکا، دەڵێت زیادبوونی ژمارەکە بۆ یەک ملیار کەس " زۆر پێشتر لەوە هات کە پێشبینیمان دەکرد."
لە کاتێکدا کە پزیشکان دەڵێن ژمارەی قەڵەوەکان زۆر بە خێرایی زیاد دەکەن، ئەو ژمارەیەی کە ئێستا هەیە پێشبینی دەکرا تاوەکو ساڵی 2030 ڕێژەکە بگەیشتایە بەو ژمارەیە.
بەپێی توێژینەوەکە، لە ساڵی 2022 دا نزیکەی 504 ملیۆن ژنی پێگەیشتوو و 347 ملیۆن پیاوی پێگەیشتوو ڕووبەڕووی کێشەی قەڵەوی بوونەتەوە. ڕێژەکە بۆ پیاوان لە ساڵی 1990 ەوە نزیکەی سێ هێندە بووە، بۆ ژنانیش دوو هێندە بووە.
لە ساڵی 2022 دا نزیکەی 159 منداڵ و هەرزەکار لە قەڵەویدا ژیاون. ئەو ژمارەیەش 31 ملیۆن زیاترە بە بەراوردا لەگەڵ ساڵی 1990 دا.
زۆربەی زیادبوونی حاڵەتەکانی قەڵەوی لە وڵاتانی پۆڵینیشیا و مایکۆرنیشیا و کاریبیان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریکای باکووردا بوون.
توێژینەوەکە دەڵێت " ئەم وڵاتانە ئێستا زۆرترین ڕێژەی قەڵەوییان تێدایە، زۆر زیاتر لەو وڵاتە پیشەسازییانەی کە داهاتییان زۆر زیاترە، بە تایبەتی وڵاتانی ئەوروپا."
برانکا وتی " لە ڕابردوودا دەمانوت قەڵەوی کێشەی دەوڵەمەندەکانە، ئێستا کێشەی هەموو جیهانە." هەروەها ئاماژەی بە گۆڕانکاریی خێرای شێوازی ژیاندا لە وڵاتانی داهات مامناوەند و نزمدا.
خراپ خواردن یارمەتی قەڵەوی دەدات:
ماجید عیزەتی کۆلێژی ئیپیڕیاڵ لەندەن، کە سەرنوسەری توێژینەوەکەیە، وتی ئاماژە هەبوون لەسەر ئەوەی قەڵەوی لە هەندێک وڵاتدا خەریکە نامێنێت، بە تایبەتی لە هەندێک وڵاتانی باشووری ئەوروپای وەکو فەڕەنسا و ئیسپانیا، بە تایبەتی لە ژناندا.
بەڵام وتی لە زۆربەی وڵاتاندا خەڵکەکە زیاتر بە دەست قەڵەوییەوە دەناڵێنن وەک لاوازیی، توێژینەوەکە دەڵێت لە ساڵی 1990 ەوە تاوەکو ئێستا ڕێژەی لاوازی بە تەواوەتی کەمیکردووە.
لە کاتێکدا کە کەم خواردن هۆکاری سەرەکییە بۆ لاوازیی، خراپ خواردن هۆکاری سەرەکییە بۆ قەڵەوی.
بەڕێوبەری گشتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهان تێدرۆس ئەدهانۆم گیبریسیەس دەڵێت " ئەم توێژینەوە نوێیە تیشک دەخاتە سەر گرنگیی ڕێگریکردن و مامەڵەکردن لەگەڵ قەڵەویدا لە سەرەتای ژیانەوە بۆ پێگەیشتن، ئەوەش لە ڕێی ڕیجیم و چالاکی جەستەیی و گرنگیدانێکی گونجاوەوە، بەپێی پێویست."
وتیشی " گەڕانەوە بۆ سەر ئاڕاستەکە " تاوەکو لە ئاست ئامانجە جیهانییەکاندا بین بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی قەڵەویی " پێویستی بە هاریکاریی کەرتە تایبەتەکان هەیە، کە دەبێت بەرپرس بن لە کاریگەریی بەرهەمەکانییان لەسەر تەندروستی."
ڕێکخراوی تەندروستی جیهان پشتگیری لە باجی خواردنەوە شەکرییەکان و سنووردارکردنی خۆراکی ناتەندروست بۆ منداڵان و زیادکردنی پارە بۆ خۆراکی تەندروست کردووە.
شارەزایان دەڵێن چارەسەرە نوێیەکان دژی شەکرە دەکرێت یارمەتیدەریش بن دژی قەڵەویی.
برانکا وتی دەرمانە نوێیەکان " ئامڕازێکی گرنگن بەڵام چارەسەری کێشەکە نین."
وتی " قەڵەویی کێشەیەکی درێژخایەنە و گرنگە سەیری کاریگەریی بەکارهێنانی ئەم دەرمانانە بکەیت بۆ ماوەیەکی درێژخایەن و هەروەها کاریگەرییە لاوەکییەکانیشیان."
سەرچاوە/ فرانس پرێس