Accessibility links

سەرۆک ئۆباما بەشداری لە مەراسیمی بەخاکسـپاردنی تەرمی شەمعون پـێرێز دەکات


سەرۆک ئۆباما و دەیان ڕێبەر و کەسایەتی جیهانی ئەمڕۆ هەینی بەشداریـیان لە مەراسیمی بەخاکسـپاردنی تەرمی شەمعون پـێرێز سەرۆکی پـێشووی ئیسرائیل کرد کە ڕۆژی چوارشەممە لە تەمەنی 93 سـاڵی کۆچی دوایی کرد.

پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی تەرمی شەمعون پـێرێز لە گۆڕسـتانی چیای هێرتزل لە ئۆرشەلیم بەخاکسپـێردرا لە دوری چەند مەترێـک لە گۆڕی ئیسحاق ڕابین سەرۆک وەزیری پـێشوو، ئەوەی لەگەڵیدا خەڵاتی نۆبڵیان بۆ ئاشتی وەرگرت.

سەرۆکی فەڕەنسا فڕانسوا ئۆلاند و سەرۆکی ئەڵمانیا یواخیم گاوک و پادشای ئیسپانیا فلیپی شەشەم و شازادە چارلزی بەریتانیا و سەرۆکی فەڵەستیـنیـیەکان مەحمود عەباس ئەوانیش لە مەراسیمەکە بەشداربوون.

سەرۆک ئۆباما وتارێـکی لە مەراسیمەکە پـێشـکەشکرد و تیایدا گوتی " شەمعون پـێرێز کەسایەتە مەزنەکانی سەدەی بیستم بەبیر دەهێنێتەوە کە شانازی ئەوەم هەبووە لەگەڵیان کۆبـبمەوە، وەک پـیاوی وەکو نێڵسۆن مەندێلا و ژنی وەکو ئێلیزابێثی شاژنی بەریتانیا."

گوتیشی شەمعون پـێرێز بە هێندەی هەزار پـیاو لە ژیانیدا کاری بە ئەنجام گەیاندووە.

سەرۆک ئۆباما باسیشی لە ئامادەبوونی مەحمود عەباس لە مەراسیمەکەدا کرد و گوتی ئەمە بە بیرمان دەهێنێتەوە کە دەبێت هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ئاشتی لە نێوان ئیسرائیلی و فەڵەستینیـیەکان بەردەوامبن.

پاشان مەخابەنی خۆی دەربڕی کە پـێرێز بە چاوی خۆی نەیدی ئاشتی بێتەدی.

لە کۆتایـیدا سەرۆک ئۆباما بە زمانی عبری گوتی " ماڵئاوا هاوڕێی ئازیزم".

بەر لە دەسـتپـێـکردنی مەراسیمەکە بنیامین نەتەنیاهو سەرۆک وەزیری ئیسرائیل و سارای هاوسەری سوپاسی مەحمود عەباسیان کرد کە ئامادەی مەراسیمەکە بووە.

ئۆفیسی نەتەنیاهو لەسەر تویتەرەکەی ڤیدیۆی تەوقەکردنی نەتەنیاهو و سارا لەگەڵ مەحمود عەباسی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا خۆشحاڵی خۆیان دەردەبڕن بەوەی لە پاش ماوەیەکی درێژ لە دابڕان یەکتریان بینیوەتەوە.

جێی ئاماژەیە لەوەتای مەراسیمی بە خاکسپاردنی ئیسحاق ڕابین لە ساڵی 1995 بەڕێوەچوو، هیچ مەراسیمێـکی بەخاکسپاردن لە ئیسرائیل هێندەی ئەمەی ئەمڕۆ کەسایەتی بیانی تیایدا بەشداریان نەکردبوو، بۆیە ڕێوشوێنی ئێجگار توندی ئاسایشی گیرابوونەبەر و نزیکەی 8 هەزار پـۆلیس بە جادەکاندا بڵاوبووبونەوە هەر لە تەل ئەڤیڤەوە هەتا ئۆرشەلیم.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

XS
SM
MD
LG