Accessibility links

ئەو پەنابەرە کوردە بناسە کە سەرۆک ئۆباما بۆ وتاری ساڵانەکەی دەعوەتی کرد


سەرۆک ئۆباما بۆ وتاری سـاڵانەی خۆی پەنابەرێـکی کوردی دەعوەت کرد کە لە پاش مەینەتیـیەکی زۆرەوە گەیشتووەتە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا.

دکتۆر رفاعی حەممۆ، کوردێـکی شاری عەفرینە و لە بنەماڵەیەکی هەژاری ئەو شارەدا گەورە بووە و توانیویەتی بە هەوڵ و کۆشەشی خۆی بگات بە ئاستێـکی باڵای خوێند و ببێتە زانایەک لە بواری ئەلیکتریک و چەندان داهێنانی هەبێت.

ڕفاعی کە لە شاری حەلەب لەگەڵ خێزانەکەی و ژمارەیەک لە کەسوکاری دەژیا لە میانەی شەڕی ناوخۆی سوریا موشەکێـک بەر ماڵەکەیان دەکەوێت و لە ئاکامدا هاوسەرەکەی و کچێـکی لەگەڵ پـێنج ئەندامی دیکەی بنەماڵەکەی گیانیان لەدەسـتدەن و هەروەها ماڵەکەشی وێران دەبێت.

پاشان بەرەو تورکیا دەڕوات لەگەڵ کچێـکی و کوڕێـکی و لەوێش ژیانێـکی پـڕ مەینەتی دەبەنەسەر. خۆی تووشی نەخۆشی شێرپەنجەی گەدە بووە و کچەکەشی هێشـتا پارچەیەکی موشەکەکە لە شوێنێـکی هەستیاری ملیدا ماوەتەوە کە پـزیشکەکان نەیانوێراوە دەریبهێنن.

دکتۆر ڕفاعی تەمەن 55 سـاڵ باسی ئەم ژیانە ناهەموارەی خۆی بۆ فەیسبوکێـکی بەناوبانگی Humans of New York ی ئەمەریکایی دەکات و لەوێش خەڵکێـکی زۆر هاوسۆزی خۆیان بۆ دەربڕی. بەسەرهاتی ژیانی ڕفاعی بە سەرۆک ئۆباما دەگات. سەرئەنجام مافی پەنابەری بەخۆی و هەردوو منداڵەکەی لە ئەمەریکا دەدرێت و لە شارێـکی ویلایەتی میشیگن نیشتەجێ دەبێت.

سەرۆک ئۆباما لەگەڵ ئەوەی بۆ وتارەکەی بانگهێشتی کردبوو، هەروەها لەگەڵیشیدا کۆبووەوە.

دکتۆر ڕفاعی لە میانەی وتووێژێـکی تایبەتدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا گوتی سەرۆک ئۆباما کەسێـکی زۆر بە سۆز و تێـگەیشتووە. گوتیشی باسی مەینەتیـیەکانی خەڵکی سوریا و بە تایبەتی مەینەتی گەلی کوردی بۆ کردووە، بەڵام باسی لە وردەکاریـیەکانی چاوپـێـکەوتنەکەی نەکرد.

پـێشـتر کەناڵی ئەلحوڕە چاوپـێـکەوتنێـکیان لەگەڵدا سـازکرد و هەر لە سەرەتای چاوپێـکەوتنەکە داوایکرد کاربکرێت بۆ لابردنی گەمارۆی سەر ناوچە کوردیـیەکانی سوریا و گوتی لە ژێر سێ گەمارۆدان، ئەوانیش ڕژێمی ئەسەد و داعش و دەوڵەتی تورکیا.

ڕەڤین دۆسکی لە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا وتووێژەکەی لەگەڵ ئەنجامداوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:13:44 0:00

XS
SM
MD
LG