Accessibility links

گفتوگۆ ناوەکییەکان سەبارەت بە ڕێکەوتنە ناوەکیەکەی ئێران لە ڤییەنا دەستپێدەکەنەوە


گفتوگۆکان سەبارەت بە دووبارە زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان لە ڤییەنا دەستیپێکردەوە، ئەمەش دوای پێنج مانگ لە وەستان و بۆ یەکەمین جار دوای دەستبەکاربوونی سەرۆکی نوێی ئێران.

وەکو شەش خولەکەی دیکەی گفتوگۆکان، کە لە مانگی چواردا دەستیپێکرد، ئەمەریکا بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەشداری دەکات. ئێران ڕاستەوخۆ لەگەڵ بەشداربووانی ڕێکەوتنە ناوەکییەکەدا کۆدەبێتەوە، کە هەریەک لە ئەڵمانیا و فەڕەنسا و بەڕیتانیا و ڕوسیا و چین دەگرێتەوە.

لە ساڵی 2018 دا سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە ڕێکەوتنە ناوەکیەکەی ساڵی 2015 ی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان کشایەوە و سەرجەم سزاکانی سەپاندەوە بەسەر تاراندا. لەلای خۆشیەوە ئێران وەکو وەڵامێک کۆمەڵێک لە بەرپرسیارێتیە سەرەکییەکانی لە ڕێکەوتنەکەدا پشتگوێخستووە.

ئەوەی گفتوگۆی لەسەر دەکرێت زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنەکەیە کە بەرنامە ناوەکییەکەی ئێرانی سنووردار کردبوو، هەروەها وابڕیاربوو 10 بۆ 15 ساڵ بەردەوام بێت، لەبەرامبەر سنووردارکردنی بەرنامە ناوەکییەکەیدا، سزاکانی سەر ئێران کەم دەکرێنەوە.

دیبلۆماتکارانی ڕۆژئاوا دەڵێن شاندە نوێیەکەی ئێران بۆ دانوستانەکان داواکانی خۆی پێشکەش کردووە، یەکێتی ئەوروپا و ئەمەریکاش دەڵێن ئەو داوایانە واقعی نین.

بەرپرسێکی ئێرانی نزیک لە گفتوگۆکانەوە بە ڕۆیتەرزی وت " داواکانمان ڕوونن. لایەنەکانی دیکە بەتایبەتی ئەمەریکا دەبێت بڕیار بدەن لەسەر ئەوەی ئایا دەیانەوێت ئەم ڕێکەوتنە زیندووبکەنەوە یاخود نا، تاوەکو بتوانن بگەڕێنەوە سەر ڕێکەوتنەکە و سەرجەم سزاکان لاببەن."

ئێران داوا دەکات ئەمەریکا سەرجەم سزاکانی بۆ سەر ئەو وڵاتە لاببات، ئەو سزایانەشی کە پەیوەندییان بە بەرنامە ناوەکییەکەی ئێرانەوە نیە.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەدووریزانی گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەنێوان ئێران و ئەمەریکادا لە ڤییەنا ئەنجام بدرێت.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا، ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG