ڕۆژی دووشەممە ئەنجومەنی پەنابەرانی نەرویجی ڕایگەیاند کارە مرۆییەکانی لە نزیکەی 20 وڵاتدا ڕادەگرێت، ئەوەش دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ یارمەتییەکانی ئەمەریکای بۆ دەرەوە ڕاگرت.
ڕێکخراوە ناحکومییەکە لە ساڵی 2024 دا کەمتر لە سەدا 20 ی هاوکارییەکەی لە ئەمەریکا وەرگرتووە، یاخود نزیکەی 150 ملیۆن دۆلار، بەو پارەیە یارمەتی نزیکەی 1.6 ملیۆن کەسی داوە لە سەرانسەری جیهاندا.
ئەنجومەنەکە وتی " لە مێژووە 79 ساڵەییەکەماندا هەرگیز بڕینی یارمەتییەکانمان بەم شێوەیە لە هیچ وڵاتێکی بەخشەر، ڕێکخراوەکانی ناو حکومەت یاخود دەزگا تایبەتە بەخشەرەکانەوە نەبینیوە."
دەزگاکە وتی دەرەنجامی بڕینی یارمەتییەکان زۆر مەترسیدار دەبێت بۆ ئەو کەسانەی کە لە سەرانسەری جیهاندا ڕووبەڕووی قەیران بوونەتەوە.
ئەنجومەنی پەنابەرانی نەرویجی وتی تەنها لە ئۆکرانیا، بڕیاربوو لە مانگی دوودا یارمەتی بەپەلە بەسەر 57,000 کەسدا دابەش بکرێت کە دەکەونە هێڵەکانی پێشەوە، هەروەها ناچار بووە کارمەندەکانی لە سەرانسەری جیهاندا لە کارکردن دووربخاتەوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز