Accessibility links

نەرویج ئەو پارەی باجەی کە ماوەی چەند مانگێکە سڕکراوە دەگوازێتەوە بۆ دەسەڵاتی فەلەستینی


نەرویج دەڵێت ئەو پارەی باجەی کە ماوەی چەندین مانگە بەهۆی ناکۆکییەوە لەگەڵ ئیسڕائیلدا سڕکراوە دەگوازێتەوە بۆ دەسەڵاتی فەلەستینییەکان.

بەپێی ڕێککەوتنە ئاشتییە کاتییەکان کە ڕێکەوتەکانییان دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای ساڵی نەوەدەکان، ئیسڕائیل لە جیاتی دەسەڵاتی فەلەستینی باج و گومرگ کۆدەکاتەوە، دەسەڵاتی فەلەستینی بەڕێوبەرایەتی چەند بەشێکی کەناری ڕۆژئاوا دەکات و یارمەتیش دەدات لە دابینکردنی پارە بۆ خزمەتگوزارییە گشتییەکان لە غەززەدا.

دوای هێرشەکانی 7 ی مانگی 10 ی حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل کە بووە هۆی هەڵگیرسانی جەنگەکە لە غەززە، ئیسڕائیل بەپێی ئەو پارەیەی کە خەرج کراوە لە ناوچەکەدا گواستنەوەکانی کەمکردەوە. دەسەڵاتی فەلەستینییەکان گواستنەوەی بەشێکی پارەکەی لەلایەن ئیسڕائیلەوە ڕەت کردەوە، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی دەسەڵاتەکە پشتی بە پارەی باجەکان بەستووە بۆ دابینکردنی زۆربەی بودجەکەی.

بەپێی ڕێککەوتنێک کە ڕۆژی یەکشەممە ڕاگەیەندرا، ئیسڕائیل سەرجەم پارەکە دەگوازێتەوە بۆ نەرویج. نەرویجیش لە بەرامبەردا پارەکە دەگوازێتەوە بۆ دەسەڵاتی فەلەستینییەکان لە کەناری ڕۆژئاوا، لە هەمان کاتدا ئەو بڕە پارەیە لەلای خۆی گلدەداتەوە کە داندراوە بۆ غەززە.

نەرویج لە بەیاننامەیەکدا وتی " ڕێککەوتنە کاتییەکە ڕۆڵێکی زۆر گرنگی دەبێت لە ڕێگریکردن لە ڕووخانی دەسەڵاتی فەلەستینی لە ڕووی داراییەوە." گواستنەوەی پارەکە دەبێتە هۆی ئەوەی دەسەڵاتی فەلەستینی بتوانێت موچەی مامۆستایان و کارمەندانی تەندروستی و کارمەندانی گشتی دیکە دابین بکات.

وەزیری دەرەوەی نەرویج ئێسپین بارث ئید وتی " دڵنیابوونەوە لەوەی دەسەڵاتی فەلەستینی نەڕووخێت و بتوانێت خزمەتگوزارییە گرنگەکان بۆ دانیشتوانی دابین بکات زۆر گرنگە بۆ پاراستنی بوونی دەسەڵاتەکە، هەروەها بۆ هاندان بۆ پڕۆسەیەکی سیاسیی و داننان بە چارەسەری دوو دەوڵەتدا."

ئیسڕائیل لە ڕابردوودا گواستنەوەی پارەی کەمکردووەتەوە، ئەوەش وەکو ناڕەزایی دەربڕینێک بۆ دابینکردنی پارە لەلایەن دەسەڵاتی فەلەستینییەوە بۆ خێزانەکانی ئەو کەسانەی کە لەلایەن ئیسڕائیلەوە زیندانیکراون و ئەوانەشی لە ململانێکەدا کوژراون، بەو چەکدارانەشەوە کە هاووڵاتییانی سڤیلی ئیسڕائیلییان کوشتووە.

ئیسڕائیل دەڵێت ئەو پارەدانانە خەڵاتی توندوتیژی دەکەن و هانی توندوتیژی دەدەن، هاوکات فەلەستینییەکان بە سەرچاوەیەکی خۆشگوزەرانی خەڵکەکەی دەزانن کە بەهۆی ململانێکەوە زیانێکی گەورەیان بەرکەوتووە.

جێی ئاماژەیە ئەمەریکا هەوڵی ئەوە دەدات لە دوای جەنگەکەی غەززە دەسەڵاتی فەلەستینی زیندوو بکاتەوە و بەڕێوبەرایەتی کەناری ڕۆژئاوا و غەززە بکات، پێش دامەزراندنی دەوڵەتێکی فەلەستینی لە داهاتوودا. نەتانیاهو ئەو بیرۆکەیەی ڕەت کردووەتەوە و دەڵێت ئیسڕائیل دەبێت کۆنتڕۆڵی ئاسایشی سەرانسەری ئەو دوو ناوچەیە بکات.

حەماس لە ساڵی 2007 دا کۆنتڕۆڵی غەززەی کرد، ئەوەش دوای هێزەکانی سەر بە دەسەڵاتی فەلەستینییەکانی لە شەڕێکی هەفتەییدا لە غەززە دەرکرد و دەسەڵاتی فەلەستینی خستە چەند بەشێکی کەناری ڕۆژئاواوە.

نەرویج ڕۆڵێکی سەرەکی هەبووە لە نێوەندگریکردنی ڕێککەوتنەکانی ساڵی 1993 ی ئۆسلۆدا، کە بووە هۆی دەستپێکردنی پڕۆسەی ئاشتی نێوان ئیسڕائیل و فەلەستینییەکان. بەڵام لە دوای ئەوەی نەتانیاهو لە ساڵی 2009 دا گەڕایەوە سەر دەسەڵات، هیچ گفتوگۆیەکی ئاشتی گرنگ ئەنجام نەدراوە. حکومەتەکەی نەتانیاهو دژی دامەزراندنی دەوڵەتێکی فەلەستینە.

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG