Accessibility links

نەرویج هێزی سەربازی ڕەوانە دەکات بۆ پاراستنی دامەزراوەکانی گاز و نەوتی وڵاتەکە


سەرۆک وەزیری نەرویج دەڵێت وڵاتەکە هێزی سەربازیی ڕەوانە دەکات بۆ پاراستنی دامەزراوەکانی گاز و نەوتی وڵاتەکە دژی هەر کارێکی تێکدەرانە، ئەمەش دوای ئەوەی هەواڵی دزەکردنی گاز لە دوو بۆری گواستنەوەی گازی ڕووسیاوە بۆ ئەوروپا بڵاوبۆوە، چەند وڵاتێکیش دەڵێن هێرش کراوەتە سەر بۆرییەکان.

ئێستا نەرویج گەورەترین دابینکاری گازە بۆ ئەوروپا و وڵاتێکی سەرەکیشە لە هەناردەکردنی نەوتتدا. زیاتر لە 90 کێڵگەی نەوت و گازی لە دەریادا هەیە، زۆربەیان بەستراونەتەوە بە تۆڕێکی بۆریی گازەوە کە نزیکەی 9000 کم درێژ بۆتەوە.

سەرۆک وەزیری نەرویج جۆناس گار ستۆرە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی " سوپا لە دامەزراوەکانی گاز و نەوتی نەرویجدا دیارتر دەبێت."

گوتیشی هێرش بۆ سەر دامەزراوەکانمان " بە هاوبەشی لەگەڵ هاوپەیمانەکانماندا مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت." نەرویج ئەندامە لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا.

گوتیشی هێزی دەریایی نەرویج ڕەوانە دەکرێت بۆ پاراستنی دامەزراوەکانی گاز و نەوتی وڵاتەکە لە دەریادا، هاوکات لەسەر وشکانیش دەکرێت بوونی پۆلیس لە دامەزراوەکاندا زیاتر بکرێت.

هاوپەیمانێتی ناتۆ و یەکێتی ئەوروپا جەختیان لە گرنگیی پاراستنی ژێرخانە هەستیارەکان کردۆتەوە و هۆشدارییان داوە لەسەر ئەوەی ئەگەر هێرشی دیکە ئەنجام بدرێت ئەوا " وەڵامدانەوەکە بەهێز و یەکگرتوو دەبێت."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG