Accessibility links

بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری کوردی سوریا بە فەرمی 5 منداڵی خێزانە داعشەکان ڕادەستی نەرویژ دەکات


بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری کوردی سوریا 5 منداڵی ڕادەستی وڵاتی نەرویژ کردووە کە باوک و دایکیان هاوڵاتینامەی نەرویژیان هەبووە و لە سوریا پەیوەندیـیان بە داعشەوە کردبوو و کوژراون.

کەمال عاکف گوتەبێژی پەیوەندیـیەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری ئەمڕۆ دووشەممە لە ڕاگەیاندنێکدا گوتی لەسەر داوای پاشایەتی نەرویژ ئەمڕۆ لە بارەگای بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندیـیەکانی دەرەوە لە عەین عیسا ئەو پـێنج منداڵەبە فەرمی ڕادەستی شاندێکی وەزارەتی دەرەوەی نەرویژ کران.

بەپـێی هەواڵەکان عەبدولکەریم عومەر هاوسەرۆکی پەیوەندیـیەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری بۆ ماوەی دوو کاتژمێر و نیو لەگەڵ کریستن نیتلاند نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی نەرویژ کۆبووەتەوە و پاشان یاداشتنامەی ڕادەستکردنەکەیان واژوکرد.

جێی ئاماژەیە هێزەکانی سوریای دیموکرات لە میانەی دوایـین شەڕیاندا لە دژی داعش لە باغوز، ئەم منداڵانەیان دۆزیوەتەوە و بۆ کەمپی ئەلهۆلیان بردوون.

نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی نەرویژ لە لێدوانێکی کورتدا بۆ ئاژانسی دەنگ‌وباسی هاوار نیوز گوتی بە ناوی حکومەتی نەرویژەوە زۆر سوپاسی دەسەڵاتدارێتی ناوچەکە دەکات بۆ ئەو یارمەتیـیانەی پێشکەشی هاوڵاتیانی نەرویژیان کردووە.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێس دەڵێت نزیکەی 12 هەزار کەسی بیانی کە خێزانی چەکدارانی داعش بوون لە سوریا، لە ئێستادا لە کەمپەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریان، 4 هەزار کەسیان ژنن و ئەوانی دیکە منداڵن.

XS
SM
MD
LG