Accessibility links

سوپای نەرویج: ڕووسیا 180,000 سەربازی کوژراو و برینداری لە ئۆکرانیادا هەیە


بەپێی خەمڵاندنەکانی سەرکردەی سوپای نەرویج، تاوەکو ئێستا 180,000 سەربازی ڕووسی لە ئۆکرانیا کوژراون یاخود بریندار بوون، هاوکات ئۆکرانیا 100,000 سەربازی کوژراوە و 30,000 هاووڵاتی مەدەنیش بوونەتە قوربانی.

سەرکردەی بەرگری نەرویج ئێریک کریستۆفەرسن لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ TV2 وتی " زیانە گیانییەکانی ڕووسیا لە نزیکەی 180,000 سەربازی کوژراو یاخود بریندار نزیک دەبنەوە." بەڵام ئاماژەی بەوە نەدا چۆن گەیشتووە بەو ژمارەیە.


نەرویجی دراوسێی ڕووسیا، لە ساڵی 1949 ەوە ئەندامی هاوپەیمانێتی ناتۆیە.

وتیشی " ڕەنگە ژمارەی سەربازە کوژراو یاخود بریندارەکانی ئۆکرانیا بگەنە زیاتر لە 100,000 سەرباز. لەگەڵ ئەوەشدا نزیکەی 30,000 هاووڵاتی مەدەنی ئۆکرانی لەم جەنگە ترسناکەدا کوژراون."

تاوەکو ئێستا کیێڤ و مۆسکۆ ژمارەیەکی پشت پێبەستراوییان نەداوە لەسەر ئەو زیانە گیانییانەی بەریانکەوتووە.

لە مانگی یانزەدا سەرۆک ئەرکانی سوپای ئەمەریکا مارک مایڵی وتی زیاتر لە 100,000 سەربازی ڕووسی لە ئۆکرانیا کوژراون یاخود بریندار بوون، وتیشی " ڕەنگە " ئۆکرانیاش هەر هێندەی ئەو ژمارەیە سەربازی لە دەستدا بێت.

ئەو ژمارانە نەتوانراوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ پشتڕاست بکرێنەوە.

کریستۆفەرسن وتی " سەرەڕای ئەو ژمارە زۆرەی ڕووسیا لە دەستی داوە، ڕووسیا لە توانایدا هەیە بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوام بێت لەم جەنگەدا."

وتیشی " ئەوەی زۆرێک نیگەران دەکات ئەوەیە ئاخۆ ئۆکرانیا دەتوانێت هێزی ئاسمانی ڕووسیا بخاتە دەرەوەی جەنگەکە یاخود نا." ئاماژەشی بەوەدا تاوەکو ئێستا ئۆکرانیا " بەهۆی بەرگرییە ئاسمانییەکانییەوە " توانیویەتی ئەو کارە بکات.

هەروەها داواشی کرد بە خێرایی تانکەکان بگوازرێنەوە بۆ ئۆکرانیا، کە تاوەکو ئێستا لەلایەن ئەڵمانیاوە پەسەند نەکراوە.

وتی " ئەگەر لە زستاندا هێرش بکەن، ئەوا ئۆکرانییەکان بە خێرایی پێویستییان پێیەتی."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG