Accessibility links

پۆلیس: پیاوێکی دانیمارکی بە تیر و کەوانەوە لە نەرویج پێنج کەس دەکوژێت


کۆنگسبێرگ
کۆنگسبێرگ

پۆلیسی ناوخۆی شارۆچکەی کۆنگسبێرگی نەرویج وتی لە زنجیرەیەک هێرشدا لە شارۆچکەکە پیاوێکی دانیمارکی تەمەن 37 ساڵ بە تیر و کەوان پێنج کەسی کوشتووە و دوو کەسی دیکەی بریندار کردووە.

پۆلیس وتیشی گومانلێکراوەکە دەستبەسەر کراوە، ئاماژەشی بەوەدا هیچ شتێکی نەوتووە لەسەر هۆکاری ئەنجامدانی ئەو کارە.

بەڕێوبەری پۆلیسی شارۆچکەکە ئۆڤیند ئاس بە ڕۆژنامەنووسانی وت " پیاوەکە بۆ هەندێک لە هێرشەکان تیر و کەوانی بەکارهێناوە." ئاماژەشی بەوەدا پۆلیس لێکۆڵینەوە لەوە دەکات کە ئایا چەکی دیکە بەکارهاتووە یاخود نا.

وتی " پیاوەکە دەستبەسەر کراوە، بەپێی ئەو زانیارییانەی ئێستا هەمانە، ئەم کەسە بە تەنها ئەم کارانەی کردووە."

ئاس لە بەیاننامەیەکدا وتی " ئەم حاڵەتە مەترسیدارە بەدڵنیاییەوە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر کۆنگسبێرگ و ئەو کەسانەش دەبێت کە لەوێ دەژین."

ئافرەتێک کە لە نزیک ئەو دوکانەوە دەژی کە هەندێک لە هێرشەکانی تێدا ئەنجامدراوە وتی " هەندێک لە ئەفسەرانی پۆلیسم بینی، یەکێکیان کۆمەڵێک تیری بەدەستەوە بوو."
یەکێک لە بریندارەکان ئەفسەرێکی پۆلیس بووە و لەو کاتەدا لەسەر کار نەبووە.

ئەم هێرشانە لە نەرویج زۆرترین قوربانی لێکەوتۆتەوە لە دوای هێرشەکەی ساڵی 2011 ەوە کاتێک ئاندرێس بێهرینگی توندڕەو لە کامپێکی گەنجان 77 کەسی کوشت، کە زۆربەیان هەرزەکار بوون.

هێرشەکانی ڕۆژی چوارشەممە لە ناوچەیەکی بەرفراوان لە کۆنگسبێرگ ڕوویداوە، 28,000 کەس لەو شارۆچکەیەدا دەژین و دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی نەرویجەوە.

حکومەتی نەرویج وتی پۆلیس لێکۆڵینەوەیەکی گەورەی دەستپێکردووە.

پارێزەری گومانلێکراوە وتی پۆلیس لێپێچینەوەی لە گومانلێکراوەکە کردووە و ئەویش لەلای خۆیەوە هاوکار بووە.

وتی " هاوکارە و بە وردەکارییەوە باس لە ڕووداوەکە دەکات."

سەرۆک وەزیری نەرویج ئێرنا سۆڵبێرگ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی " هەواڵەکانی ئەمشەو سەبارەت بە کۆنگسبێرگ زۆر خراپن."

وتی " تێدەگەم زۆرێک لە خەڵکەکە دەترسن، بەڵام گرنگە بزانن کە ئێستا ڕەوشەکە لەژێر کۆنتڕۆڵی پۆلیسدایە."

دوابەدوای هێرشەکان، بەڕێوبەرایەتی پۆلیس وتی فەرمانی بە سەرجەم هێزەکانی پۆلیس کردووە لە سەرانسەری وڵاتەکەدا چەک هەڵبگرن. جێی ئاماژەیە پۆلیسی نەرویج چەکیان پێ نیە، بەڵام دەتوانن هەر کاتێک پێویست بێت چەک هەڵبگرن.

بەڕێوبەرایەتیەکە وتی " ئەمە بۆ ئامادەباشیە. تاوەکو ئێستا پۆلیس هیچ ئاماژەیەکی پێنەدراوە لەسەر گۆڕانی ئاستی هەڕەشەی نیشتیمانی."

ئاس وتی پۆلیس لێکۆڵینەوەش لەوە دەکات کە ئایا هێرشەکە پاڵنەری تیرۆریستی لەپشتەوە بووە یاخود نا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG