Accessibility links

ڕۆژنامەیەک: کۆریای باکور ژمارەیەک کاربەدەستی کوشتووە لەسەر شکستهێنانی وتووێژەکان لەگەڵ ئەمەریکا


ڕۆژنامەیەکی کۆریای باشور دەڵێت کۆریای باکور نێردراوی تایبەتی خۆی بۆ ئەمەریکا کوشتووە پاش ئەوەی کۆبوونەوەی نێوان سەرۆک ترامپ و کیم جۆنگ ئون ڕێبەری کۆریای باکور لە هانۆی پایتەختی ڤێتنام لە مانگی دوو شکستی هێنا.

ڕۆژنامەی چۆسۆن ئیلبۆ ئەمڕۆ هەینی لە ڕاپـۆرتێکدا نووسیویەتی کیم هیۆک شۆل، ئەوەی بەرپـرس بوو لە ئامادەکاریـیەکان بۆ کۆبوونەوەی لوتکەیی هانۆی و بە شەمەندەفەرە تایبەتەکەی کیم جۆنگ ئون ڕۆیشتبوو بۆ پایتەختی ڤێتنام، گولـلەباران کراوە بە تۆمەتی خیانەتکردن لە ڕێبەری باڵا.

کیم هیۆک شۆل
کیم هیۆک شۆل

ڕۆژنامەکە دەڵێت بەپـێی سەرچاوەکەی کیم هیۆک شۆل لە مانگی سێ لە فڕۆکەخانەی میریمی لەشکری لە ڕۆژهەڵاتی پـیۆنگ‌یانگی پایتەخت لەگەڵ 4 کاربەدەستی دیکەی وەزارەتی دەرەوە سزای مەرگ دراون پاش ئەوەی لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کرابوو. بەڵام ڕۆژنامەکە ناوی کاربەدەستەکانی دیکەی نەنووسیوە.

کیم هیۆک شۆل نوێنەرایەتی وڵاتەکەی دەکرد لە وتووێژەکانی ئامادەکاری بۆ کۆبوونەوەکەی هانۆی لەگەڵ ستیفن بیگەن هاوتا ئەمەریکایـیەکەی.

هەروەها ڕۆژنامەکە دەڵێت خانم شین هێی یۆنگ وەرگێڕەکەی کیم، ئەویش زیندانیکراوە بە تۆمەتی هەڵەکردن لە وەرگێڕان لە کاتی کۆبوونەوەکەدا.

پـێشتر لە کۆتایی مانگی چوار ئاژانسی دەنگ‌وباسی ژاپـۆن گوتی پـیۆنگ‌یانگ 4 فەرمانبەری وەزارەتی دەرەوەی خۆی سزای مەرگ داوە بە تۆمەتی ئەوەی هۆکاربوون لە شکستهێنانی کۆبوونەوەکە.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێس دەڵێت وەزیری یەکگرتنەوەی کۆریای باشور کە بەرپـرسە لە پەیوەندیـیەکانی نێوان هەردوو کۆریا، ڕەتیکردووەتەوە لێدوان لەسەر ئەم ڕاپـۆرتەی ڕۆژنامەی چۆسۆن ئیلبۆ بدات.

XS
SM
MD
LG