Accessibility links

ناوەندێکی توێژینەوە: هەڵوەشاندنەوەی شوێنی تاقیکردنەوە ناوکیـیەکانی کۆریای باکور بە باشی بەڕێوەدەچێت


ناوەندێکی توێژینەوەی ئەمەریکایی دەڵێت پـرۆسەی هەڵوەشاندنەوەی تاکە شوێنی تاقیکردنەوە ناوکیـیەکانی کۆریای باکور بە باشی بەڕێوەدەچێت و چەندان بینای شوێنەکە وێرانکراون.

ماڵپەڕی North 38 کە سەر بە زانکۆی جان هاپکنزی ئەمەریکایـیە و چاودێری جموجۆڵە هەستیارەکانی کۆریای باکور دەکات ئەمڕۆ سێشەممە بڵاویکردەوە، وێنە سەتەلایتیـیەکانی لەم دوایـیانە گیراون نیشانی دەدەن کارەکانی هەڵوەشاندنەوەی شوێنی تاقیکردنەوەکان بە باشی بەڕێوەدەچن، وە جگە لەوەی چەندان بینای شوێنەکە وێرانکراون هەروەها ژمارەیەک بینای بچوکیش لە دەوروبەری شوێنەکە وێرانکراون و ئەو هێڵە ئاسنینەش لابراوە کە تونێلەکانی شوێنی تاقیکردنەوە ناوکیـیەکانی پـێکەوە دەبەستەوە و لەگەڵ ئەوانەش کارەکانی دروستکردنی تونێلێکی نوێ لە سەرەتای مانگی سێـیەوە ڕاگیراون.

پاشان دەڵێت بەپـێی وێنەکان پـێدەچێت پـیۆنگیانگ ئامادەکاری بکات بۆ مەراسیمی هەڵوەشاندنەوەی شوێنەکە و جێگایەک بۆ ڕۆژنامەوانان دروستبکات تاوەکو لێوەی وێنە و ڤیدیۆی داخستنی دەروازەی ڕۆژئاوای شوێنەکە بگرن.

لەگەڵ ئەوەشدا ماڵپەڕەکە دەڵێت هیچ بەڵگەیەک نیـیە بیسەلمێنێت تونێلەکان بە تەواوی دادەخرێن و هەروەها هێشتا هەندێک لە بینا سەرەکیـیەکان هێشتا وەک خۆیان هێڵراونەتەوە، بەڵام دەشڵێت ڕەنگە ئەم شوێنانەی ماونەتەوە لە بەردەم دەزگاکانی ڕاگەیاندن وێرانبکرێن.

کۆتایی هەفتەی ڕابردوو پـیۆنگیانگ گوتی شوێنی "پـونگگیی ڕی" لە باکوری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە لە 23 و 25 ی مانگی پـێنج لە بەردەم ڕۆژنامەوانانی بیانی بە تەواوی وێران دەکات.

بڕیارە لە 12 ی مانگی شەش سەرۆک ترامپ و کیم جۆنگ ئون ڕێبەری کۆریای باکور لە وڵاتی سنگاپـور کۆببنەوە.

XS
SM
MD
LG