Accessibility links

نیکی هەیڵی: بەرنامە ناوکیـیەکەی کۆریای باکور جێی مەترسیـیە


باڵیۆزی ئەمەریکا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان ئاگاهی دا لە مەترسیـیەکانی کۆریای باکور و دەڵێت بەرنامە ناوکیـیەکەی ئەو وڵاتە هەتا دێت پەرەی پێدەدرێت، ئەمەش لە هەموو کاتێـکی دیکە جێی مەترسی زیاترە.

نیکی هەیڵی ئەمڕۆ دووشەممە لە دانیشتنێکی کراوەی ئەنجومەنی ئاسایش سەبارەت بە دوایـین تاقیکردنەوە ناوکیـیەکەی کۆریای باکور، گوتی "سەردەمی نیمچە چارەسەریـیەکان کۆتایی پـێهات."

گوتی کیم جۆنگ ئون ڕێبەری کۆریای باکور بە ڕەفتارەکانی نیشانی دەدات خوازیاری شەڕە. جەختی لەوە کرد ئەمەریکا خوازیاری شەڕ نیـیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پـشوو درێژی نەماوە.

پاشان باسی لە پـێشێلکاریـیەکانی پـیۆنگ‌یانگ بۆ بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایش کرد کە بە درێژایی 20 ڕابردوو ئەنجامی داون.

جەختی لەوە کرد کە پـێویستە ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش کۆکبن لەسەر چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو مەترسیانەی لە ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی کۆریای باکور دێنەئاراوە. گوتی ڕژێمی پـیۆنگ‌یانگ وەکو وڵاتانی دیکەی خاوەن چەکی ناوکی هەست بە بەرپرسیارێتی ناکات.

کورو بیشو باڵیۆزی ژاپـۆن بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان ئەویش گوتی هێزی تەقینەوەی تاقیکردنەوە ناوکیـیەکەی کۆریای باکور ئەوەی ڕۆژی یەکشەممە ئەنجامی دا زۆر بەهێزتربووە لەوانەی پـێشوو. داوایکرد سزای نوێی توند بەسەر پـیۆنگ‌یانگدا بەسەپـێنرێت.

فڕانسوا دیلاتر باڵیۆزی فەڕەنسا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان لای خۆیەوە گوتی هەڕەشەکانی کۆریای باکور جێی مەترسیـن بۆ سەرئاسایشی جیهان و هەموو ئەندامێکی ئەنجومەنی ئاسایش. جەختی لەوە کرد لە ئێستادا دۆخەکە گونجاو نیـیە بۆ ئەنجامدانی وتووێژ لەگەڵ پـیۆنگ‌یانگدا. گوتیشی دوودڵی و نیشانی لاوازی لە لایەن کۆمەڵی نێودەوڵەتی جێی قبوڵ نیـیە و پاریس داوادەکات ئەنجومەنی ئاسایش دەسـتبەجێ هەڵوێستی هەبێت.

ماثیۆ ڕایکرەفت باڵیۆزی بەریتانیا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی لەم سەدەیە تەنها کۆریای باکورە تاقیکردنەوەی ناوکی ئەنجام دەدات. گوتیشی هەتا پـیۆنگ‌یانگ ئەم کارانەی ڕانەگرێت، ئەوا وتووێژی ڕاستەوخۆ لەگەڵیدا ئەنجام نادرێت.

ڤاسیلی نیبینزیا باڵیۆزی ڕووسیا گوتی چارەسەرەی لەشکری ئاکامی ئەرێنی بۆ نیمچە دورگەی کۆریا نابێت، بەڵام گوتیشی کارە ئیستیفزازیـیەکانی ئەم دوایـیانەی کۆریای باکور مەترسیدارن و ئاکامی خراپیان بەسەر خودی خۆیدا دەبێت. جەختی لەوە کرد دانوستاندن تاکە ڕێگەیە بۆ چارەسەکردنی قەیرانەکە.

لیو جی یی باڵیۆزی چین ئەویش داوای لە کۆریای باکور کرد واز لەو کارە هەڵانەی بهێنێت. پاشان داوای لە هەموو لایەنەکان کرد بە ڕژدی تاووتووێی پـێشنیارەکەی بەیژین بکەن کە تیایدا داوا دەکات کۆریای باکور بەرنامەکانی موشەکی بالیستی و ناوکی خۆی ڕابگرێت لە بەرامبەر ئەوەی کۆریای باشور و ئەمەریکا مانۆڕە لەشکریـیە هاوبەشەکانیان ڕابگرن.

دواتر ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش قایلبوون دووشەممەی داهاتوو پـرۆژە بڕیاری سزا نوێـیەکات بخەنەڕوو.

XS
SM
MD
LG