Accessibility links

کۆریای باکور گەورەترین تاقیکردنەوەی ناوکی خۆی ئەنجام دەدات


کۆریای باکور بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی پـێنجەمین تاقیکردنەوەی ناوکی خۆی ئەنجام دا کە مەزەندە دەکرێت هێندەی ئەو بۆمبە بەهێزبووبێت کە لەسەردەمی شەڕی دووەمی جیهانی بۆ شاری هیرۆشیمای ژاپـۆن هەڵدرا.

کەناڵی تەلەفیزیۆنی فەرمی کۆریای باکور لە بەیانـنامەیەکدا ڕایگەیاند تاقیکردنەوەیەکی ناوکی سەرکەوتوویان ئەنجامداوە، وەک بەشێـک لە کاردانەوەی وڵاتەکەیان بەرامبەر ئەو هەڕەشە و سزایانەی ئەمەریکا و دژمنانی دەیکەنە سەری.

تاقیکردنەوەکە هاوکاتە لەگەڵ 68 هەمین ساڵیادی دامەزراندی کۆریای باکورە.

شارەزایان لە کۆریای باشور دەڵێن تەقینەوەکە هێندە بەهێزبووە زەویـیەکەی بە هاوشێوەی بومەلەرزەیەکی بە گوڕی 5.3 لەسەر پـێوەری ڕێختەر هەژاندووە لە نزیک هەمان ئەو دەزگا ناوکیـیەی مانگی یەک تاقیکردنەوەی چوارەمی لێ ئەنجام‌درابوو.

کیم نام ووک شارەزا لە ئاژانسی جیۆلۆجی کۆریای باشور دەڵێت هێزی تەقینەوەکە 10 کیلۆتۆن بووە، واتە نزیکەی دوو هێندەی تاقیکردنەوەکەی مانگی یەک و بڕێـک کەمتر لە بۆمبەکەی هیرۆشیما.

بەڵام جێفری لویس لە ئنستتیوتی میدڵبێری کالیفۆرنیا بۆ توێژنەوە نێودەڵەتیـیەکان دەڵێت مەزەندە دەکرێت هێزەکەی نێوان 20 بۆ 30 کیلۆتۆن بووبێت، ئەمەش بەهێزترین تاقیکردنەوەی ناوکی کۆریای باکورە کە هەتا ئێسـتا ئەنجامی داوە.

XS
SM
MD
LG