Accessibility links

کۆریای باشور: کۆریای باکور وەزیری خوێندنی گولـلەباران کردووە


کۆریای باشور دەڵێت دەسەڵاتدارانی کۆریای باکور سزای مەرگیان سەپاندووە بەسەر کیم یۆنگ جین وەزیری پەروەردەی وڵاتەکەیان، ئەمەش وەک بەشێـک لەو شێوازانەی پـیۆنگ یانگ دەیگرێتەبەر بۆ ترساندنی خەڵکی وڵاتەکەی.

جیۆنگ جوون هی گوتەبێژی وەزارەتی یەکگرتنەوە لە کۆریای باشور ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە سیئۆل ئەمەی ڕاگەیاند و گوتی ناوبراو تاوانباریان کردووە بەوەی خەڵکی لە دژی "حزب و شۆڕش" هانداوە و لە دانیشتنێـکی پەرلەماندا بە شێوەیەکی ناشرین دانیشتووە.

کاربەدەسـتێـکی دیکە بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی گوت وەزیرەکە گولـلەباران کراوە.

پـێشتریش چەندان کاربەدەسـتی باڵای کۆریای باکور بە تاوانی جۆراوجۆری سەیر و سەمەرە سزای مەرگ دراون.

بەپـێی ئەو زانیاریـیانەی لە کۆریای باکورەوە هاتوون کاربەدەستێـکی دیکەش گولـلەباران کراوە بە تۆمەتی ئەوەی لە کۆبوونەوەیەکی کیم جونگ ئون سەرۆکی کۆریای باکور خەوی لێکەوتووە.

ساڵی 2015 ش هیۆن یۆنگ چۆل کە وەزیری بەرگری بوو فەرمانی گولـلەبارانکردنی درا بە دۆشکەی دژە فڕۆکە، ئەویش بە هەمان تاوان، دەڵێن لە کاتی وتارێـکی کیم جۆنگ ئون لە نمایشێـکی لەشکری خەوی لێکەوتووە.

کیم جونگ ئون کەسە نزیکەکانی بنەماڵەکەشی سزای مەرگ داوە، لەوانە جانگ سۆنگ تێـک هاوسەری پـوری کە ساڵی 2013 بە تاوانی خیانەت فەرمانی گولـلەبارانکردنی دا.

XS
SM
MD
LG