Accessibility links

ئەنجومەنی ئاسایش کۆبوونەوەیەکی بە پەلە سـازدەکات بۆ تاووتوێکردنی تاقیکردنەوەکەی کۆریای باکور


بڕیارە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمڕۆ چوارشەممە کۆبوونەوەیەکی بە پەلە ئەنجام بدات بۆ تاووتوێکردنی ئەو ئیدیعایەی کۆریای باکور کە دەڵێت سەرکەوتووانە بۆمبێـکی هایدرۆجینی تاقیکردووەتەوە.

هاجەر شەمالی گوتەبێژی نوێنەرایەتی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیانـنامەیەکدا نووسیویەتی کۆبوونەوەکە لەسەر داوای هەریەک لە ئەمەریکا و ژاپـۆن سـازدەکرێت. هەروەها نووسیویەتی ئەمەریکا هەر پـێشـێلکردنێـک بۆ بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایش شەرمەزار دەکات و سەرلەنوێ هانی پـیۆنگ‌یانگ دەدات پابەندی وابەستەیـیە نێودەوڵەتیـیەکانی ببێت.

جێی ئاماژەیە ئەمڕۆ چوارشەممە تەلەفیزیۆنی فەرمی کۆریای باکور لە بەیانـنامەیەکدا ڕایگەیاند لە کاژمێر 10 ی بەیانی بە کاتی خۆجێی وڵاتەکەیان سەرکەوتووانە بۆمبێـکی هایدرۆجینی تاقیکردووەتەوە. گوتیشی بەم تاقیکردنەوە مێژوویـیە وڵاتەکەیان دەچێتە ڕیزبەندی وڵاتە پـێشـکەوتووەکانی خاوەنی چەکی ناوکی.

ڕاگەیاندنەکە پاش چەند خولەکێـک هات لەوەی دەزگای چاودێری جیۆلۆجی ئەمەریکا گوتی بۆمەلەرزەیەک بە گوڕی 5.1 بە پـێوەری ڕێختەر لە نزیک ناوچەی Punggye-ri بووە، واتە ئەو شوێنەی کۆریای باکور لە ساڵانی 2006 و 2009 و 2013 سێ تاقیکردنەوەی ناوکی لێ ئەنجام دا.

کۆریای باکور دەڵێت بۆمبەکە دوو هێندە و نیوی بۆمبە ناوکیـیەکەی هیرۆشیما بەهێزبووە، بەڵام کاربەدەسـتانی هەواڵگری و شارەزایانی ناوکی کۆریای باشور ئەو ئیدیعایەی پـیۆنگ‌یانگ ڕەتدەکەنەوە، دەڵێن زۆر لە بەهێزی بۆمبەکەی هێرۆشیما کەمتربووە، بۆیە گومانیان هەیە تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەقینەی بۆمبی هایدرۆجینی بووبێت.

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ڕێکخراوی قەدەغەکردنی تاقیکردنەوە ناوکیـیەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی ئەم تاقیکردنەوەیەی کۆریای باکور پـێشێلکردنێـکی ڕوون و ئاشکرای پەیمانـنامە نێودەوڵەتیـیەکانە و هەروەها هەڕەشەشە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی.

هەموو وڵاتە زلهێزەکانی جیهان (ئەمەریکا، بەریتانیا، فەڕەنسا، ڕووسیا، چین) بە شێوازی جیاجیا ڕەخنەیان لەم کارەی کۆریای باکور گرت. ژاپـۆن و کۆریای باشوریش زۆر بە توندی تاقیکردنەوەکەیان شەرمەزارکرد و بە مەترسیـیەکی جیدی بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە ناودێریانکرد.

XS
SM
MD
LG