Accessibility links

کۆریای باکوور ڕەخنە لە ئەمەریکا دەگرێت سەبارەت بە توندکردنەوەی سزاکان


وەزیری دەرەوەی کۆریای باکوور ڕی یۆنگ هۆ

کۆریای باکوور ئەمەریکای تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ سەپاندنی سزانی نێودەوڵەتی بەسەر پیۆنگیانگدا سەرەڕای ئەوەی کۆریای باکوور لەلای خۆیەوە نیازپاکی پیشانداوە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باکوور لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند پیۆنگیانگ هێشتا ئارەزووی جێبەجێکردنی ئەو ڕێکەوتنە دەکات کە سەرۆک ترامپ و ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون لە کۆبوونەوەکەی سەنگاپوورەدا پێێ گەیشتن.

ئەمەریکا و کۆریای باکوور ڕێکەوتن لەسەر ئەوەی چەکی ناوەکیی کۆریای باکوور نەهێڵن بەڵام لەو کاتەوە هەردوولا ڕووبەڕووی قورسایی بوونەتەوە بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتنێک بۆ جێبەجێکردنی ئەو ئامانجە، لەکاتێکدا ئەمەریکا سوورە لەسەر بەردەوامبوونی سزاکان.

ئەم لێدوانەی کۆریای باکوور دوای ئەوە هات بەرپرسانی ئەمەریکی وتیان پێویستە لەسەر کۆریای باکوور هەنگاوی زیاتر بنێت بەرەو نەهێشتنی چەکی ناوەکیی.

وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باکوور وتی " پیۆنگیانگ تاقیکردنەوە موشەکی و ناوەکییەکانی ڕاگرتووە دوای ئەوەش شوێنی تاقیکردنەوە ناوەکییەکانی لابردووە و لەگەڵ ئەوانەشدا ئەمەریکا هێشتا سوورە لەسەر ئەوەی سەرەتا دەبێت چەکی ناوەکیی نەهێڵدرێت."

وەزارەتەکە وتیشی کۆریای باکوور سەرەڕای ئەوەش لاشەی ئەو سەربازە ئەمەریکییانەی ڕەوانەی ئەمەریکا کردەوە کە لە جەنگی کۆریادا لە ماوەکانی نێوان 1950 بۆ 1953 دا کوژراون.

کۆریای باکوور کۆمەڵێک بەرپرسی باڵای ئەمەریکی تۆمەتبار کرد کە ئاماژەی بە ناوەکانیان نەدا و وتی بە حەزی سەرۆک ترامپ کار ناکەن.

نوێنەری ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان نیکی هەیڵی وتی ئەمەریکا حەز ناکات زۆر چاوەڕێی کۆریای باکوور بکات تاوەکو ڕێوشوێن دەگرێتە بەر بە ئاڕاستەی نەهێشتنی چەکی ناوەکیی.

هەیڵی بە ڕۆژنامەنووسانی وت " تۆپەکە لە یاریگای کۆریای باکووردایە."

هەروەها لە ماوەی ڕابردوودا ڕوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جۆن بۆڵتن وتی کۆریای باکوور هێشتا ڕێوشوێنی پێویستی نەگرتۆتە بەر بە ئاڕاستەی نەهێشتنی چەکی ناوەکیی.

هەروەها لەم هەفتەیەدا وەزیری دەرەوەی کۆریای باکوور سەردانی ئێرانی کرد و سەرۆکی ئێران حەسەن ڕۆحانی پێی ڕاگەیاند کە ئەمەریکا جێی متمانە نیە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG