Accessibility links

کۆریای باکوور بەرپرسیارێتی شکست هێنانی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان دەخاتە ئەستۆی ئەمەریکا


کۆریای باکوور بەرپرسیارێتی شکست هێنانی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی خستە سەر ئەستۆی ئەمەریکا کە ماوەی زیاتر لە ساڵێکە ڕاگیراون لە دوای یەکەمین کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ و ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئونەوە،.

مانگی ڕابردوو کۆریای باکوور وتی دەیەوێت لە کۆتای مانگی نۆدا دەست بکاتەوە بە دانوستانەکان لەگەڵ ئەمەریکادا و پێویستە واشنتن بەرنامەیەکی نوێ پەیڕەو بکات.

هەفتەی ڕابردوو وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپێیۆ وتی ئەمەریکا ناتوانێت لە مانگی نۆدا کۆبوونەوە لەگەڵ کۆریای باکووردا ڕێک بخات بەڵام واشنتن ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەکان و پێی وایە گرنگە ئەوە بکرێت.

لە لێدوانێکیدا لەبەردەم کۆبوونەوەکەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا نوێنەری پیۆنگیانگ لە نەتەوە یەکگرتووەکان کیم سۆنگ ئین وتی ئێستا کاتی ئەوەیە واشنتن پێشنیارەکانی سەبارەت بە دانوستانەکان بخاتە ڕوو.

کیم وتی " ئەمەریکا کاتی تەواوی لەبەردەستدابوو تاوەکو بەرنامەیەکی نوێ پەیڕەو بکات و ئێمە ئاگادار بکاتەوە، ئارەزووی خۆمان دەردەبڕین بۆ دانیشتن لەگەڵ ئەمەریکادا بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر ئەو بابەتانەی کە تاوەکو ئێستا گفتوگۆمان لەسەر کردوون."

لە کۆتا ڕۆژی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، نوێنەری کۆریای باکوور داوای کرد بەتەواوەتی ئەو بەیاننامەیە جێبەجێ بکرێت کە لە یەکەمین کۆبوونەوەی نێوان سەرۆک ترامپ و ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئوندا واژۆ کراوە. لەو کاتەدا هەردوولا لە بەیاننامەکەدا ڕازیبوون لەسەر باشکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و کۆریای باکوور و کارکردن لەپێناو داماڵینی چەکی ناوەکیی لە نیمچە دوورگەی کۆریادا.

کیم سۆنگ وتی " ساڵێک زیاتر تێپەڕیوە، پەیوەندییەکانی نێوان کۆریای باکوور و ئەمەریکا باشبوونێکی بەرچاوی بەخۆیەوە نەبینیوە و ڕەوشی نیمچە دوورگەی کۆریا لە بازنەی گرژییەکان دەرنەچووە."

وتیشی " شتەکە بەندە بە ئەمەریکاوە سەبارەت بەوەی کە ئایا دانوستانەکانی نێوان ئەمەریکا و کۆریای باکوور هەلێک بن بۆ چارەسەری قەیرانەکان یاخود نا."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG