Accessibility links

ئەمەریکا دەڵێت لەتوانایدا هەیە ڕووبەڕووی هەڕەشە موشەکییەکانی کۆریای باکوور ببێتەوە


سوپای ئەمەریکا دڵنیایی دایەوە لەسەر ئەوەی دەتوانێت بەرگری لە ئەمەریکا بکات دژی هەر هەڕەشەیەک لە بەرنامە ناوەکی و موشەکیە بالیستیکیە کیشوەرییەکانی کۆریای باکوور بەتایبەتی ئەو موشەکە نوێیەی ئەمدواییانەی کۆریای باکوور کە دەتوانێت چەکی ناوەکی گەورە هەڵبگرێت.

لە جوڵەیەکی گەورەدا لە بەرنامە ناوەکییەکەی، ڕۆژی سێشەممە کۆریای باکوور موشەکێکی بالیستیکی کیشوەری تاقیکردوە و هەندێک لە شارەزایان پێیان وایە مەوداکەی دەتوانێت بگاتە ویلایەتی ئالاسکا و باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەمەریکا.

تاقیکردنەوە موشەکیەکە بووە هۆی ئەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کۆبوونەوەیەکی بەپەلە ئەنجام بدات و واشنتن داوای لە وڵاتان کرد کاردانەوەیان هەبێت.

کاپتن جێف دەیڤسی وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا وتی تاقیکردنەوە موشەکییەکەی ئەمەریکا لە مانگی پێشوودا دەتوانێت بەرپەرچی موشەکەکانی کۆریای باکوور بداتەوە.

وتیشی " بۆیە ئێمە متمانەمان بە تواناکانی خۆمان هەیە لە بەرپەرچدانەوەی هەر مەترسیەک لەسەر سنوورەکانمان."

دەزگای هەواڵی ناوخۆی کۆریای باکووریش ڕایگەیاند سەرۆکی کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون وتوویەتی تاقیکردنەوەکە سەرکەوتوو بووە و ئێستا وڵاتەکەی توانای چەکە ستراتیژییەکانی هەیە کە بۆمبی ئەتۆمی و هایدرۆجینی و موشەکی بالیستێکی کیشوەری دەگرێتەوە.

هەروەها دەزگاکە بڵاویشیکردۆتەوە پیۆنگیانگ گفتوگۆ لەگەڵ ئەمەریکادا ناکات سەبارەت بە وازهێنانی لە چەکەکانی هەتاکوو واشنتن واز نەهێنێت لە سیاسەتە دوژمنانەییەکانی بەرامبەر کۆریای باکوور.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG