Accessibility links

کۆریای باکوور موشەکێکی تاقیکردۆتەوە کە دەکرێت لە ژێرئاوگەڕەوە هەڵبدرێت


سوپای کۆریای باشوور دەڵێت کۆریای باکوور موشەکێکی باڵیستیکی ژێرئاوگەڕی تاقیکردۆتەوە، ئەمەش مانگێک دوای ئەوەی کۆریای باشوور موشەکێکی هاوشێوەی تاقیکردەوە.

کۆریای باشوور کە چاودێری تاقیکردنەوە موشەکیەکانی کۆریای باکوور دەکات، وتی کۆریای باکوور موشەکێکی باڵیستیکی مەودا کورتی تاقیکردۆتەوە، موشەکەکە وادەردەکەوێت لە ژێرئاوگەڕەوە هەڵدرابێت، لە ناوچەیەکی ڕۆژهەڵاتی کەنار دەریاکەیەوە.

دەزگای هەواڵی یۆنهابی کۆریای باشوور وتی موشەکەکە نزیکەی 430-450 کیلۆمەتر فڕیوە و گەیشتۆتە بەرزایی 60 کیلۆمەترەوە.

جێی ئاماژەیە ئەم تاقیکردنەوەیەی کۆریای باکوور لە کاتێکدایە مانگی ڕابردوو کۆریای باشوور بووە هەشتەمین وڵات کە بە سەرکەوتوویی موشەکی باڵیستیکی ژێرئاوگەڕ تاقیبکاتەوە. دوو ڕۆژی دیکەش کۆریای باشوور هەوڵدەدات موشەکێکی ئاسمانی تاقیبکاتەوە کە دروستکراوی خۆیەتی.

کۆریای باشوور لە هەوڵی ئەوەدایە پەرە بە توانا بەرگرییەکانی بدات، کۆمەڵێک موشەکی نوێی هەیە و لە ناوخۆی وڵاتەکەشدا فڕۆکەی جەنگی بەرهەم دەهێندرێت. شیکەرەوە سیاسییەکان دەڵێن کۆریای باشوور کە میوانداری 28,000 سەربازی ئەمەریکا دەکات، هەوڵدەدات زیاتر پشت بەخۆی ببەستێت لە بەرگریکردن لە خۆیدا.

بەڵام کۆریای باکوور ڕەخنەی توندی لە کۆریای باشوور گرتووە لەسەر ئەم هەنگاوانە و دەڵێت دەبێتە هۆی تێکدانی سەقامگیری ناوچەکە، ئەمە لەکاتێکدایە خۆی بەردەوامە لە تاقیکردنەوەی چەکەکانی.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG