Accessibility links

کۆریای باکوور: ڕێکەوتنەکەی نێوان ئەمەریکا و ئوستڕاڵیا پێدەچێت ببێتەهۆی دروستبوونی کێبڕکێی چەکی ناوەکی


وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باکوور وتی ڕێکەوتنە نوێیەکەی ئەمەریکا لەگەڵ ئوستڕاڵیا بۆ دابینکردنی ژێردەریایی پێدەچێت ببێتە هۆی دروستبوونی کێبڕکێی خۆپڕچەککردن بە چەکی ناوەکی لە ناوچەکەدا.

هەفتەی ڕابردوو ئەمەریکا ڕێکەوتنێکی ئاسایشی سێ قۆڵی نوێی ڕاگەیاند لەنێوان ئەمەریکا و بەڕیتانیا و ئوستڕاڵیادا، ئەوەش وەکو بەشێک لە هاوبەشیە ستراتیژییەکەی نێوانیان و تیایدا ئەمەریکا ژێردەریایی وزەی ناوەکی بۆ ئوستڕاڵیا دابین دەکات.

دەزگای هەواڵی ناوەندی کۆریای باکوور لە زاری بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەوە بڵاویکردەوە " ئەمانە ڕەفتاری نەخوازراو و مەترسیدارن کە دەبنە هۆی تێکدانی هاوسەنگی لە ناوچەی ئاسیا و دەریای هێمندا و کێبڕکێی خۆپڕچەککردنی لێدەکەوێتەوە بە چەکی ناوەکی."

ڕۆژی چوارشەممە کۆریای باکوور دوو موشەکی هەڵدایە دەریاوە، دواتر بە چەند کاتژمێرێک کۆریای باشووریش لەڕێی ژێردەریاییەکەوە بە سەرکەوتوویی موشەکێکی باڵیستیکی تاقیکردەوە.

بەرپرسەکەی کۆریای باکوور وتی " زۆر سروشتیە وڵاتانی دراوسێ بە چینیشەوە ئیدانەی ئەم ڕەفتارانە بکەن و وەکو ڕەفتارێکی نابەرپرسیارانە لێی بڕوانن کە دەبێتە هۆی لەناوبردنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG