ڕۆژی هەینی کۆریای باکوور لانی کەم دوو موشەکی باڵیستیکی هەڵدا، ئەمەش سێیەمین تاقیکردنەوەی موشەکی بوو لە ماوەی دوو هەفتەدا، تاقیکردنەوەکەش چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە هات ڕەخنەی لە سزا نوێیەکانی ئەمەریکا گرت بۆ سەر وڵاتەکە و هۆشداریدا لەسەر کاردانەوەیەکی بەهێز.
سەرۆک ئەرکانی سوپای کۆریای باشوور وتی تێبینی دوو موشەکی باڵیستیکی مەودا کورتمان کردووە لە هەرێمی باکووری پیۆنگانەوە لە ڕۆژئاوای کەنار دەریای کۆریای باکوورەوە بەرەو ڕۆژهەڵات هەڵدراون.
دەزگای ئێن ئێچ کەی ژاپۆنی لە زاری بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگری ژاپۆنەوە بڵاویکردەوە هێزی پاسەوانی کەناراوەکانی ژاپۆن بە هەمان شێوە ئاماژەی بەوەداوە کۆریای باکوور موشەکێکی هەڵذاوە کە وادەردەکەوێت موشەکی باڵیستیکی بووبێت. موشەکەکان کەوتنە دەریایەکەوە لە دەرەوەی ناوچەی ئابووری ژاپۆن.
سەرکردایەتی دەریای هیندی و ئارامی سوپای ئەمەریکا وتی لەکاتێکدا هەڵسەنگاندنیان کردووە لەسەر ئەوەی موشەکەکان دەستبەجێ هەڕەشە نین بۆ سەر ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی، بەڵام تیشک دەخەنە سەر " ئەوەی بەرنامە موشەکیەکەی کۆریای باکوور کاریگەرییەکی تێکدەری هەیە."
ئەمەش سێیەمین جارە لە ماوەی دوو هەفتەدا کۆریای باکوور موشەک تاقی بکاتەوە. دەزگای هەواڵی ناوەندی کۆریای باکوور دەڵێت دوو موشەکەکەی پێشووتر موشەکی دەنگبڕ بوون.
ڕۆژی چوارشەممە بەڕێوبەرایەتیەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن یەکەمین سزای خۆی سەپاند بەسەر بەرنامەی چەکەکانی کۆریای باکووردا، ئەوەش دوای زنجیرەیەک تاقیکردنەوەی موشەکی لەلایەن کۆریای باکوورەوە.
هەروەها داواشی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد ڕێوشوێن دژی هەندێک لە کەس و لایەنەکانی کۆریای باکوور بگرێت کە بە تۆمەتی پێشێلکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنەکە تۆمەتبارکراون، بڕیارەکانیش پەرەپێدانی بەرنامە موشەکی و ناوەکییەکەی کۆریای باکوور قەدەغە دەکات.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن وتی ئەمەریکا ڕوونی کردۆتەوە دوژمنایەتی لەگەڵ کۆریای باکووردا نیە و هیواخوازە بەبێ مەرجی پێشوەخت گفتوگۆ لەگەڵ ئەو وڵاتەدا بکات، بەڵام تاقیکردنەوەکان " دەبنە هۆی ناسەقامگیرکردنی ناوچەکە."
وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باکوور وتی لەکاتێکدا ئەمەریکا باس لە گفتوگۆ و دیبلۆماسی دەکات، کردەوەکانی دەریدەخەن " هێشتا لەسەر سیاسەتەکەیەتی بۆ پەراوێزخستن و خنکاندنی کۆریای باکوور."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز