Accessibility links

کۆریای باشوور: کۆریای باکوور دوو موشەک لە فڕۆکەخانەی پیۆنگیانگەوە هەڵدەدات


سوپای کۆریای باشوور دەڵێت کۆریای باکوور دوو موشەکی باڵیستیکی مەودا کورتی گومانلێکراوی لە فڕۆکەخانەی پیۆنگیانگی پایتەختەوە هەڵداوە، ئەمەش چوارەمین تاقیکردنەوەی موشەکی کۆریای باکوورە لەم مانگەدا.

حکومەتی ژاپۆنیش بە هەمان شێوە هەواڵی هەڵدانی موشەکەکەی بڵاوکردەوە، سکرتێری کابینەی حکومەتی ئەو وڵاتە هیرۆکازۆ ماتسونۆ سەرکۆنەی هەڵدانی موشەکەکانی کرد و وەکو هەڕەشەیەک ناودێریکرد بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە.

لە ماوەی کەمتر لە دوو هەفتەدا کۆریای باکوور سێ موشەکی دیکەی تاقیکردۆتەوە، دوو موشەکیان موشەکی دەنگبڕ بوون و ئەوی دیکەیان کە لە ڕۆژی هەینیدا بوو دوو موشەکی مەودا کورتی باڵیستیکی بوون.

سەرۆک ئەرکانی سوپای کۆریای باشوور لە بەیاننامەیەکدا وتی تاقیکردنەوە موشەکیەکەی ڕۆژی دوو شەممە دوو موشەکی باڵیستیکی مەودا کورت بوون کە لە ڕۆژهەڵاتەوە لە بنکەی ئاسمانی سونان لە پیۆنگیانەوە هەڵدران.

وڵاتانی ناوچەکە سەرکۆنەی تاقیکردنەوە موشەکیەکانی ئەمدواییانەی کۆریای باکوورییان کردووە، ئەمەریکاش داوای گفتوگۆ لەو وڵاتە دەکات و هاوکات کۆمەڵێک سزای نوێی سەپاند بەسەر بەرنامە موشەکیەکەی کۆریای باکووردا.

ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو بەڕێوبەرایەتیەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن یەکەمین سزای خۆی سەپاند بەسەر کۆریای باکووردا، هەروەها داواشی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد هەندێک لە کەس و لایەنەکانی کۆریای باکوور بخەنە لیستی ڕەشەوە.

هەروەها دووبارە داوای لە پیۆنگیانگ کردەوە بگەڕێتەوە سەر گفتوگۆکان کە مەبەست لێیان کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکەیە و ڕازیکردنی کۆریای باکوورە تاوەکو دەستبەرداری چەکە ناوەکی و موشەکە باڵیستیکیەکانی بێت.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG