Accessibility links

کۆریای باکوور دەڵێت موشەکێكی نوێی مەودا درێژی تاقیکردۆتەوە


کۆریای باکوور ڕایگەیاند بە سەرکەوتوویی موشەکێکی نوێی مەودا درێژی تاقیکردۆتەوە، ئەمەش دەریدەخات وڵاتەکە بەردەوامە لە فراوانکردنی توانا سەربازییەکانی لەنێوەندی چەق بەستوویی دانوستانە ناوەکییەکان لەگەڵ ئەمەریکادا.

دەزگای هەواڵی ناوەندی کۆریای باکوور بڵاویکردەوە موشەکەکە دەتوانێت لە دووری 1,500 کیلۆمەترەوە ئامانجەکەی بپێکێت، دەزگاکە وێنەی موشەکەکەشی بڵاوکردەوە کاتێک هەڵدەدرێت.

کۆریای باکوور وتی موشەکە نوێیەکانی " چەکێکی ستراتیژین و تایبەتمەندییەکی گەورەیان هەیە." ئاماژەی بەوەدا موشەکەکان بەجۆرێک دروستکراون کە بتوانرێت بە کڵاوەی ناوەکییەوە ببەسترێن.

کۆریای باکوور دەڵێت پێویستی بە چەکی ناوەکی هەیە تاوەکو بتوانێت خۆی بەدوور بگرێت لە وەکو خۆی دەڵێت ململانێکان لەگەڵ ئەمەریکا و کۆریای باشووردا. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سوورە لەسەر ئەوەی کۆریای باکوور دەستبەرداری بەرنامە ناوەکیەکەی بێت و سزای بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاندووە، بەڵام لە دوای کۆبوونەوەکەی نێوان ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون و سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە ساڵی 2019 دا، دانوستانەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە سەبارەت بە داماڵینی چەکی ناوەکی لە نیمچە دوورگەی کۆریا وەستاوە.

لەو کاتەدا ئەمەریکا داواکانی کۆریای باکووری ڕەت کردەوە بۆ لابردنی سزاکان لەبەرامبەردا پیۆنگیانگ کارخانەیەکی ناوەکی کۆن لەکاربخات.

لە مانگی سێدا کۆریای باکوور کۆتایی بە تاقیکردنەوە موشەکیە باڵیستیکیەکانی هێنا کە بەدرێژایی ساڵێک بەردەوام بوون، دوایین تاقیکردنەوە موشەکیەکان لە مانگی سێدا بوون کاتێک دوو موشەکی مەودا ناوەندی بە ئاڕاستەی دەریا هەڵدا، بەمەش کۆریای باکوور بەردەوام بوو لە تاقیکردنەوەی چۆنێتی وەڵامدانەوەی بەڕێوبەرایەتیە نوێیەکانی ئەمەریکا.

حکومەتەکەی کیم تاوەکو ئێستا داواکانی بەڕێوبەرایەتیەکەی بایدنی بۆ گفتوگۆکردن ڕەت کردۆتەوە، داوا دەکات ئەمەریکا سەرەتا سیاسەتە " دوژمنکارییەکانی " ڕابگرێت، ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ سزاکان و هاوپەیمانیە سەربازییەکەی ئەمەریکا لەگەڵ کۆریای باشووردا.

جێی ئاماژەیە ئەمەریکا 28,000 سەربازی لە کۆریای باشوور جێگیرکردووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی کۆریای باکوور.

سەرکردایەتی ئیندۆ پاسیفیکی ئەمەریکا وتی لەگەڵ هاوپەیمانەکانیدا چاودێری ڕەوشەکە دەکەن و چالاکیەکانی کۆریای باکوور دەریدەخەن کە ئەو وڵاتە " بەردەوامە لە پەرەپێدانی بەرنامە سەربازییەکان و هەڕەشەکانی بۆ سەر دراوسێکانی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی."

سەرچاوە/ ئەسۆشیەتد پرێس

XS
SM
MD
LG