Accessibility links

کۆریای باکوور موشەکێکی دیکە هەڵدەدات


پاشماوەی موشەکێکی کۆریای باکوور
پاشماوەی موشەکێکی کۆریای باکوور

ڕۆژی چوارشەممە کۆریای باکوور لانیکەم یەک موشەکی باڵیستیکی هەڵداوەتە ناو دەریاوە، لە کاتێکدا کە کۆریای باکوور پاشماوەی موشەکە هەڵدراوەکانی پێشووتری کۆریای باکووری ناسیوەتەوە و دەڵێت موشەکی سا – 5 ی زەوی بۆ ئاسمانی سەردەمی یەکێتی سۆڤیەت بووە.

پاسەوانی کەناری ژاپۆن وتی موشەکە باڵیستیکییەکە وادەرکەوتووە چەند خولێک دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی هەڵدانی موشەکەکە کەوتبێتە ناو دەریاکەوە.

وەزیری بەرگری ژاپۆن یاسوکازو هامادا بە ڕۆژنامەنووسانی وت موشەکەکە لە بەرزایی 50 کم فڕیوە و 250 کم ڕۆیشتووە.

وتیشی حکومەتەکەی ژاپۆن لە ڕێی کەناڵە دیبلۆماتییەکانییەوە لە ڕێی چینەوە ناڕەزایی توندی خۆی دژی کۆریای باکوور دەربڕیوە، هەروەها تۆکیۆ بە توندی سەرکۆنەی هەڵدانی موشەکەکە دەکات.

سەرۆک ئەرکانی سوپای کۆریای باشووریش وتی هەڵدانی موشەکێکی دیارینەکراوی باڵیستیکییان تێبینی کردووە لەلایەن کۆریای باکوورەوە.

هەڵدانی موشەکەکە دوای ئەوە هات کە کۆریای باشوور شیکارییەکانی بۆ پاشماوەی موشەکێکی باڵیستیکی مەودا کورتی کۆریای باکووری تەواو کرد کە هەفتەی ڕابردوو لە نزیک ئاوەکانی کۆریای باشوورەوە کەوتە خوارەوە.

وەزارەتی بەرگری کۆریای باشوور وتی لە شیکارییەکاندا تەنها یەک پارچەی موشەکەکە شیکاری بۆ کراوە کە درێژییەکەی نزیکەی 3 مەترە و 2 مەتریش پانە، پارچەی موشەکی دژە فڕۆکەی سا – 5 بووە.

لەو کاتەدا وەزارەتی بەرگری کۆریای باشوور بە توندی سەرکۆنەی هەڵدانی موشەکەکەی کرد، وتی موشەکەکە هاتۆتە ناو ناوچەی ئاوی دابڕێندراوی سەربازییەوە کە لە ساڵی 2018 دا کۆریای باشوور و کۆریای باکوور ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی هیچ چالاکییەکی سەربازیی لەو ناوچەیەدا ئەنجام نەدرێت.

وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا وتی " هەڵدانی موشەکی سا – 5 بە ئاشکرا دیارە بە مەبەست بووە، کارێکی وروژێنەرانەی بە مەبەست بووە. سا – 5 تایبەتمەندی موشەکی زەوی بۆ زەویشی تێدایە، ڕووسیا موشەکی هاوشێوەی زەوی بۆ زەوی لە ئۆکرانیا بەکارهێناوە."

جێی ئاماژەیە ئەوە یەکەمین جار بوو موشەکێکی کۆریای باکوور لە نزیک ئاوەکانی کۆریای باشوورەوە بکەوێتە خوارەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG