Accessibility links

کۆریای باکوور هۆشداری دەداتە ژاپۆن


وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باکوور هۆشداریدایە ژاپۆن لەسەر ئەوەی پەیوەندی بە گروپی نوێی ڕاوێژی ئەتۆمییەوە نەکات کە لە نێوان ئەمەریکا و کۆریای باشووردا پێکهێندراوە، وتیشی ئەگەر ژاپۆن پەیوەندی بەو گروپەوە بکات ئەوا ناوچەی باکووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا ناجێگیر دەکات.

گروپەکە کە لە ماوەی سەردانەکەی مانگی ڕابردووی سەرۆکی کۆریای باشوور یوون سوک یولدا بۆ واشنتن ڕاگەیەندرا.

بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باکوور کیم سۆل هوا وتی " ئەگەر ژاپۆن سووربێت لەسەر ئەوەی پەنا بباتەبەر پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی سەربازی سێ لایەنی بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا، ئەوا باکووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا دەخاتە ناو ناجێگیرییەوە و لە کۆتاییدا دەیکاتە دەریایەک لە بڵێسەی ئاگر و لەوێدا لە ناو دەچێت."

لێدوانەکان ئامانج لێیان سەرۆک وەزیری ژاپۆن فومیۆ کیشیدا بوو کە ڕۆژی یەکشەممە بە سەردانێکی کار گەیشتە کۆریای باشوور، کیم ڕەخنەی لە سەردانەکەی کیشیدا کرد بۆ کۆریای باشوور کە لە ماوەی 12 ساڵی ڕابردوودا یەکەمین سەردانی سەرۆک وەزیری ژاپۆنە بۆ ئەو وڵاتە.

گروپە ڕاوێژییە ئەتۆمییەکە وەکو بەشێک لە " ڕاگەیاندنەکەی ئەمەریکا " ڕاگەیەندرا، ڕاگەیاندنەکە لە میانەی سەردانەکەی یووندا بوو بۆ بۆ ئەمەریکا. یوون وتی ڕاگەیاندنەکە هاوپەیمانێتییەکەی نێوان ژاپۆن و ئەمەریکای " بەرەوپێشتر بردووە " و ژاپۆنیش دوورنەخراوەتەوە لەوەی پەیوەندی بە گروپەکەوە بکات.

لە ڕاگەیاندنەکەدا سیئۆل دووبارە بەڵێنیداوە کە هەوڵ نەدات بۆ دروستکردنی بۆمبێکی ئەتۆمی تایبەت بە خۆی، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی لە ڕاپرسییەکانی ئەمدواییانەدا زۆرینە داوای کردووە سیئۆل بۆمبێکی ئەتۆمی تایبەت بە خۆی دروست بکات.

کەسێکی نزیک لە بابەتەکەوە ڕۆژی سێشەممە وتی بڕیارە سەرەتای مانگی داهاتوو کۆریای باشوور و ژاپۆن سیستمەکانی ڕاداری دوو وڵاتەکە لە ڕێی سیستمێکی ڕاداری ئەمەریکاوە پەیوەست بە یەکترەوە بکەن، ئەوەش بە مەبەستی هاوبەشیکردنی زانیارییەکان لە کاتی خۆیدا سەبارەت بە موشەکە باڵیستیکییەکانی کۆریای باکوور.

دەزگای هەواڵی یۆنهاپی کۆریای باشوور وتی ڕۆژی دووشەممەش بەرپرسێکی ئۆفیسی سەرۆکایەتی کۆریای باشوور وتوویەتی وڵاتەکە دەیەوێت گروپێک لەگەڵ ژاپۆن و ئەمەریکادا پێکبهێنێت بۆ هاوبەشیکردنی زانیارییەکان سەبارەت بە موشەکەکانی کۆریای باکوور.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG