Accessibility links

کۆریای باکوور گەورەترین تاقیکردنەوەی موشەکی بەسەر ژاپۆندا ئەنجام دەدات


بۆ یەکەمین جار لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا، کۆریای باکوور موشەکێکی باڵیستیکی تاقیکردەوە کە بەسەر ژاپۆندا ڕۆیشت، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی ژاپۆن داوا لە دانیشتوانەکەی بکات خۆیان حەشار بدەن.

لە ساڵی 2017 ەوە ئەمە یەکەمین جارە کۆریای باکوور موشەک بەو ئاڕاستەیەدا هەڵبدات، موشەکەکە 4,600 کم ڕۆیشتووە کە ئەمەش درێژترین مەودایە بۆ ئەو موشەکانەی کۆریای باکوور تاقی کردوونەتەوە، زۆرجار موشەکەکانی کۆریای باکوور بەرەو بۆشایی ئاسمان هەڵدەدرێن تاوەکو خۆیان بەدووربگرن لە فڕین بەسەر ئاسمانی وڵاتانی دراوسێدا.

حکومەتی ژاپۆن دانیشتوانی ئاگادار کردەوە خۆیان حەشار بدەن و بۆ ماوەیەکی کاتی خزمەتگوزارییەکانی شەمەندەفەری لە باکووری وڵاتەکە ڕاگرت، هاوکات موشەکەکە بەسەر ناوچەکانیدا فڕی و دواتر کەوتە ناو دەریای پاسێفیکەوە.

لە ماوەی 10 ڕۆژی ڕابردوودا ئەمە پێنجەمین تاقیکردنەوەی موشەکییە لەلایەن کۆریای باکوورەوە.

هەروەها لەو ماوەیەدا ئەمەریکا و کۆریای باشوور و ژاپۆن مەشقێکی سەربازیی هاوبەشیان ئەنجامداوە، هەروەها جێگری سەرۆک وەزیری ئەمەریکا کاملا هێرسیش سەردانی کۆریای باشووری کرد و لەبەردەم سنووری نێوان دوو کۆریاکەدا وەستا و پیۆنگیانگی بە تۆمەتی هەڕەشەکردن لە ئاسایشی ناوچەکە تۆمەتبار کرد.

پیۆنگیانگ ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی بە تۆمەتی هەڕەشەکردن لە کۆریای باکوور لەڕێی مەشقە سەربازییەکان و کۆکردنەوەی بەرگرییەکانەوە تۆمەتبار کردووە.

ژاپۆن وتی هیچ هەنگاوێکی نەگرتەبەر بۆ خستنە خوارەوەی موشەکەکە. وەزیری بەرگری ژاپۆن یاسوکازو هامادا وتی ژاپۆن هیچ بژاردەیەک بەدوور نازانێت، لەوانەش تواناکانی بۆ ئەنجامدانی هێرشی پێچەوانە. ئەمەش لە کاتێکدا کە تۆکیۆ هەوڵی پتەوکردنی بەرگرییەکانی دەدات دژی تاقیکردنەوە موشەکییە بەردەوامەکانی کۆریای باکوور. کۆریای باشووریش وتوویەتی کە سوپاکەی پتەو دەکات و هاریکارییەکانی لەگەڵ هاوپەیمانەکانیدا زیاتر دەکات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG