Accessibility links

کۆریای باکوور دوو موشەکی باڵیستیکی دیکە هەڵدەدات

بەرپرسانی ژاپۆن دەڵێن کۆریای باکوور دوو موشەکی باڵیستیکی دیکەی هەڵداوە، لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا ئەمە حەوتەمین هەڵدانی موشەکی لەو جۆرەیە لەلایەن کۆریای باکوورەوە.

وەزیری بەرگری ژاپۆن تۆشیرۆ ئینۆ بە ڕۆژنامەنووسانی وت هەردوو موشەکەکە گەیشتوونەتە بەرزیی 100 کم و 350 کم ڕۆیشتوون. یەکەم موشەکییان دەوروبەری کاتژمێر 1:47 خولەکی بەیانی بە کاتی ناوخۆ هەڵدراوە و دووەم موشەک شەش خولەک دواتر هەڵدراوە.

وتیشی هەردوو موشەکەکە لە دەرەوەی ناوچەی ئابووری تایبەتی ژاپۆن کەوتوونەتە خوارەوە، بەرپرسانی ژاپۆنیش لێکۆڵینەوە دەکەن لەسەر ئەوەی بزانن چی جۆرە موشەکێک هەڵدراوە، هەروەها لێکۆڵینەوە لە ئەگەری ئەوەش دەکەن کە موشەکەکە لە ژێرئاوگەرێکەوە هەڵدرابێت.

دوابەدوای هەڵدانی موشەکەکان، سوپای ئەمەریکا وتی لە نزیکەوە لەگەڵ هاوپەیمان و هاوبەشەکانیدا کاردەکات، وتیشی هەڵدانی موشەکەکان تیشک دەخەنە سەر " کاریگەرییە ناسەقامگیرکارەکەی " بەرنامە ئەتۆمی و موشەکە باڵیستیکییەکانی کۆریای باکوور.

دەشڵێت هێشتا ئەمەریکا پێی وایە هەڵدانی موشەکەکان لەلایەن کۆریای باکوورەوە مەترسی بۆ سەر سەربازانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی دروست نەکردووە.

سەرکردایەتی هێزی سەربازی ناوچەی ئیندۆ پاسێفیکی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا وتی " پابەندبوونی ئەمەریکا بە بەرگریکردن لە کۆماری کۆریا و ژاپۆنەوە بە پتەوی ماوەتەوە."

ڕۆژی سێشەممە کۆریای باکووری خاوەن چەکی ئەتۆم، موشەکێکی بەسەر ژاپۆندا هەڵدا، کە دوای پێنج ساڵ ئەوە یەکەمین جار بوو کۆریای باکوور موشەک بەو ئاڕاستە و مەودایە تاقی بکاتەوە.

دەزگای هەواڵی ناوەندی کۆریای باکوور لە زاری وتەبێژێکی بەڕێوبەرایەتی فڕۆکەوانی کۆریای باکوورەوە بڵاویکردەوە " تاقیکردنەوەی موشەکەکانمان ئاسایین و مەبەست لێیان گرتنەبەری ڕێوشوێنی بەرگریکردنە لە خۆمان و پاراستنی ئاسایش و ئاشتی وڵاتەکەمان و ناوچەکەیە لە هەڕەشە ڕاستەوخۆکانی سوپای ئەمەریکا."

ڕۆژی هەینی ئەمەریکا و کۆریای باشوور مەشقێکی سەربازیی دەریایی هاوبەشییان ئەنجامدا، ڕۆژێک دوای ئەوەی کۆریای باشوور فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئامادە کرد بۆ وەڵامدانەوەی هەڕەشەکانی کۆریای باکوور.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

This item is part of
XS
SM
MD
LG