Accessibility links

کۆریای باکوور دەڵێت نایەوێت پەمپیۆ بەشداری دانوستانەکانی نێوان واشنتن و پیۆنگیانگ بکاتەوە


ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون

کۆریای باکوور ڕایگەیاند چیتر نایەوێت مامەڵە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپیۆدا بکات و وتی پێویستە لەجێی پەمپیۆ کەسێکی پێگەیشتووتر بەشداری بکات لە دانوستانەکاندا، ئەمەش چەند کاتژمێرێک دوای ئەوەی ڕایگەیاند چەکێکی نوێی تاقیکردۆتەوە.

دەزگای هەواڵی ناوەندی کۆریای باکوور لە زاری بەرپرسی باڵای وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باکوور کۆن جۆنگ جۆنەوە بڵاویکردەوە هۆشیاریداوە لەوەی چیتر کەس نازانێت چی بەسەر ڕەوشی نیمچە دوورگەی کۆریادا دێت ئەگەر ئەمەریکا دەستبەردای ئەو هۆکارە سەرەکییە نەبێت کە پیۆنگیانگی ناچار کردووە پەرە بە چەکە ناوەکییەکەی بدات.

ئەم بەیاننامەیەش ماوەیەکی کەم دوای ئەوە هات پیۆنگیانگ ڕایگەیاند ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون سەرپەرشتی تاقیکردنەوەی جۆرێکی نوێی چەکێکی تەکتیکی ئاڕاستە کراوی کردووە، دەزگای ناوەندی کۆریای باکوور وتی ئەو چەکە سیستمێکی ئاڕاستەکراوی بێوێنە و کڵاوەیەکی ناوەکیی بەهێزی لەسەرە.

لە دوای شکستهێنانی دانوستانەکانی نێوان کیم و سەرۆک ترامپەوە لە ڤیێتنام بەهۆی ئەوەوە کە پیۆنگیانگ داوای کرد واشنتن سزاکانی لەسەر لاببات و واشنتنیش داوای کرد پیۆنگیانگ دەستبەرداری بەرنامە ناوەکییەکەی بێت، ئەمە یەکەمین تاقیکردنەوەی چەکە لەلایەن کۆریای باکوورەوە.

دەزگاکە هیچ وردەکارییەکی لەسەر ئەو چەکە ئاشکرا نەکرد کە ڕۆژی چوارشەممە کۆریای باکوور تاقیکردۆتەوە بەڵام وشەی " تەکتیکی " ئاماژە بەوە دەدات کە چەکەکە مەودا کورتە بەپێچەوانەی ئەو موشەکە باڵستیکییە مەودا فراوانانەوە کە ئەمەریکا بە هەڕەشەی دەزانێت بۆ سەر وڵاتەکەی.

دەزگاکە لە جۆنگ جۆنەوە بڵاویکردەوە کۆبوونەوەکەی ڤیێتنام دووەم کۆبوونەوەی نێوان کیم و سەرۆک ترامپ بووە و دەریخست کە " هەرکاتێک پەمپیۆ لوت دەخاتە ناو بابەتەکانەوە، دانوستانەکان ئەنجامی خراپیان لێدەبێتەوە."

جۆنگ جۆن وتی " لەوە دەترسم ئەگەر پەمپیۆ دووبارە بەشداری بکاتەوە لە دانوستانەکاندا ئەوا ئاڵۆز دەبێت."

وتیشی " تەنانەت لە حاڵەتێکدا دانوستانەکانمان لەگەڵ ئەمەریکادا دەست پێبکاتەوە، ئەوا من هیوادارم کە پەمپیۆ بەشداری نەکات و کەسێکی دیکە بێتە شوێنی کە پێگەیشتووتر بێت و بتوانێت لەگەڵماندا گفتوگۆ بکات."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG