Accessibility links

کۆریای باکوور موشەکێکی نوێی دژە فڕۆکە تاقیدەکاتەوە


دەزگای هەواڵی ناوەندی کۆریای باکوور بڵاویکردەوە وڵاتەکە موشەکێکی نوێی دژە فڕۆکەی تاقیکردۆتەوە.

ئەمەش دووەمین تاقیکردنەوەی موشەکی کۆریای باکوورە لەم هەفتەیەدا دوای ئەوەی ڕۆژی سێشەممە موشەکێکی نەبیندراوی خێراتر لە خێرایی دەنگی تاقیکردەوە. هەروەها لەم هەفتانەی دواییدا موشەکێکی باڵیستیکی تاقیکردەوە کە گوایە دەتوانرێت چەکی ناوەکی لەسەر ببەسترێت.

ئەم تاقیکردنەوە موشەکیانە تیشک دەخەنە سەر بەردەوامبوونی کۆریای باکوور لەسەر پەرەپێدانی چەکە ئاڵۆزەکانی، لەکاتێکدا کە دانوستانەکانی لەگەڵ ئەمەریکادا سەبارەت بە دەستبەرداربوونی لە بەرنامە موشەکی و ناوەکییەکەی بە چەق بەستوویی ماوەتەوە.

بەپێی دەزگای هەواڵی ناوەندی کۆریای باکوور، ئەکادیمیای زانستی بەرگری کۆریای باکوور، کە پەرە بە چەکی سەربازی دەدات، وتی ئامانج لە تاقیکردنەوەکە پشتڕاستکردنەوەی چالاکی و کارامەیی موشەکەکە بووە.

دەزگاکە لە زاری ئەکادیمیاکەوە بڵاویکردەوە " کارامەیی موشەکە نوێیەکەی دژی فڕۆکەکان و خێرایی وەڵامدانەوەی و وردیی لە سیستمی کۆنتڕۆڵکردنی ئاڕاستەکەی و زیادبوونی مەوداکەی بۆ خستنەخوارەوەی ئامانجەکانی، پشتڕاستکراونەتەوە."

لەم هەفتانەی دواییدا پیۆنگیانگ ئاماژەی بەوەداوە وەکو هەموو وڵاتێکی دیکە مەبەست لە تاقیکردنەوەی چەکەکانی زیادکردنی توانای بەرگریکردنە لە خۆی، هەروەها ئەمەریکا و کۆریای باشووریشی تۆمەتبار کردووە بەوەی پەیڕەوی " سیاسەتێکی دوژمنکارییانە " دەکەن بەرامبەری.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG