Accessibility links

کۆریای باکوور و چین باس لە ئاشتیەکی ڕاستەقینە و نەهێشتنی چەکی ناوەکی دەکەن


ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون و سەرۆکی چین شی جین پینگ
ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون و سەرۆکی چین شی جین پینگ

دەزگای هەواڵی ناوەندی کۆریا ڕایگەیاند ڕابەرانی کۆریای باکوور و چین گەیشتوونەتە تێگەیشتنێک سەبارەت بە بابەتە هاوبەشەکان کە جێی گفتوگۆ لەسەر کردن بوون لە کۆبوونەوەکەی ڕۆژی سێشەممەیاندا و یەکێک لەو بابەتانەش نەهێشتنی چەکی ناوەکییە لە نیمچە دوورگەی کۆریادا.

دەزگای هەواڵی فەڕمی کۆریای باکوور وتی کیم جۆنگ ئون و شی جین پینگ کۆبوونەوە مێژووییەکەی نێوان کیم و سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپیان بەرز نرخاندووە و ڕایان گۆڕیوەتەوە سەبارەت بە بابەتە هاوبەشەکانی نێوانیان لەوانەش چارەسەرکردنی بابەتی نەهێشتنی چەکی ناوەکیی.

دەزگاکە وتیشی ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون لەمیانەی کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ شی جین پینگ بەڵێنی داوە بە هاریکاریکردن لەگەڵ بەرپرسانی چینیدا لەپێناو گەیشتن بە ئاشتیەکی ڕاستەقینە لە پڕۆسەی کردنەوەی داهاتوویەکی نوێ لە نیمچە دوورگەی کۆریادا.

دەزگاکانی ڕاگەیاندنی کۆریای باکوور و چین بڵاویان کردەوە سەردانەکەی کیم بۆ چین کە دوو ڕۆژ دەخایەنێت، ئەمڕۆ تەواو دەبێت. ئەم سەردانەش دوای کۆبوونەوەکەی سینگافور دێت، کە لەوێ کیم و سەرۆک ترامپ دووبارە جەختیان کردەوە لەسەر ئەنجامدانی کارە ڕاستەکە بۆ نەهێشتنی چەکی ناوەکیی لە نیمچە دوورگەی کۆریادا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG