Accessibility links

دوو کۆریاکە کۆبوونەوەیەکی مێژووی ئەنجام دەدەن


سەرۆکی کۆریای باشوور مون جەین ئین لەگەڵ رابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون
سەرۆکی کۆریای باشوور مون جەین ئین لەگەڵ رابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون

دوو کۆریاکە ڕێکەوتن لەسەر ئەوەی پێکەوە کار بکەن بۆ نەهێشتنی چەکی ناوەکیی لە نیمچە دوورگەی کۆریادا، بەڵام هیچ وردەکارییەکیان نەدا لەسەر چۆنێتی ئەنجامدانی ئەو کارە.

دوای کۆبوونەوەکەی دوو سەرۆکەکە، لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا هاتووە دەڵێت دوو کۆریاکە ئامانجیان بۆ نەهێشتنی چەکی ناوەکیی لە نیمچە دوورگەی کۆریا پشتڕاست کردەوە.

لە یەکەمین کۆبوونەوەیاندا دوای 10 ساڵ، هەردوولا ڕایانگەیاند دەیانەوێت ئاشتییەکی هەمیشەیی و بەرجەستە لە نیمچە دوورگەی کۆریادا بخەنەوە.

بەپێی بەرپرسێکی کۆریای باشوور، گفتوگۆکانی نێوان سەرۆکی کۆریای باشوور مون جەی ئین و ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون زۆر ڕاشکاوانە و ڕاستگۆیانە بوون، گفتوگۆکان سەبارەت بە نەهێشتنی چەکی ناوەکیی لە نیمچە دوورگەی کۆریا و خستنەوەی ئاشتیەکی هەمیشەیی بووە لە نێوان دوو کۆریاکەدا.

کۆریای باشوور لە زاری ڕابەری کۆریای باکوورەوە بڵاویکردەوە " ئێمە دەبێت ئەم هەلە بە نرخ بزانین بۆ ئەوەی شوێن برینەکانی نێوان باشوور و باکوور چاک ببنەوە."

لە ماوەی ڕابردوودا کیم وتی حەز دەکات سەردانی کۆریای باشوور و کۆشکی شین (کۆشکی سەرۆکایەتی) بکات.

هەردوو ڕابەر ڕێکەوتن هەرچی کاری دوژمنکاری نێوانیان هەیە لە زەوی و ئاسمان و دەریا کۆتایـیان پـێبهێنن و کاربکەن بۆ ئەوەی ئاگربەستی نێوانیان بۆ ڕێکەوتنێکی ئاشتی بگۆڕن.

پێش ئەوەی کۆبوونەوەکە دەست پێبکات دوو سەرۆکەکە تەوقەیەکی گەرم و گوڕیان کرد لەسەر ‌ئەو هێڵە سنوورییەی کە دوو وڵاتەکە دابەش دەکات.

مون وتی " دڵخۆشم بە بینینت."

دواتر کیم داوای لە مون کرد بۆ ماوەیەکی کەم بێتە ئەم دیوی هێڵەکەوە بۆ باکوور و دواتر گەڕانەوە بۆ بەشی باشوور.

جێی ئاماژەیە ئەمە یەکەمین جارە دوای کۆتایی هاتنی جەنگی کۆریا لە ساڵی 1953 دا ئەندامێکی خێزانەکەی کیم پێ بخاتە نێو خاکی باشوورەوە.

XS
SM
MD
LG