Accessibility links

کۆریای باکوور دووەم موشەکی دەنگبڕ تاقی دەکاتەوە


دەزگای هەواڵی ناوەندی کۆریای باکوور بڵاویکردەوە وڵاتەکە لەم هەفتەیەدا " موشەکێکی دەنگبڕی " تاقیکردۆتەوە و سەرکەوتوو بووە لە پێکانی ئامانجەکەیدا. ئەمەش دووەمین تاقیکردنەوەی ئەو جۆرە موشەکەیە لەلایەن کۆریای باکوورەوە لەکاتێکدا وڵاتەکە هەوڵ دەدات توانا سەربازییەکانی بەهێز بکات و هەروەها گفتوگۆکانیشی سەبارەت بە داماڵینی چەکە ناوەکیەکەی ڕاگرتووە.

تاقیکردنەوەکەی ڕۆژی چوارشەممە یەکەم تاقیکردنەوەی موشەکی کۆریای باکوور بوو لە دوای مانگی 10 ەوە و لەلایەن کۆمەڵێک وڵاتی ناوچەکەوە بیندرا، هەروەها ئەمەریکا و ژاپۆن و کۆریای باشووریش ڕەخنەیان لێگرت.

کۆریای باکوور لە مانگی نۆدا بۆ یەکەمین جار موشەکی دەنگبڕی تاقیکردەوە، بەوەش چووە پاڵ کێبڕکێی وڵاتە زلهێزەکانی جیهان بۆ جێگیرکردنی سیستمی چەکی پێشکەوتوو.

دەزگاکە ئاماژەی بەوەدا " سەرکەوتوویی تاقیکردنەوەکە لە بەشی موشەکی دەنگبڕدا گرنگییەکەی ستراتیژی هەیە و نوێکردنەوەی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکە خێراتر دەکات." وتیشی تاقیکردنەوەکە دەریخستووە موشەکەکە دەتوانێت لە زستانیشدا کاربکات.

لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا وتی لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ژاپۆن یوشیماسا هایاشیدا قسەی کردووە و سەرکۆنەی تاقیکردنەوەی موشەکی باڵیستیکی کردووە لەلایەن کۆریای باکوورەوە، هەروەها تاوتوێی هاریکارییەکانی نێوانیان کرد بۆ تەواوکردنی داماڵینی چەکی ناوەکی و خستنەوەی ئاشتیەکی هەمیشەییە لە نیمچە دورگەی کۆریادا.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی " هەر توانایەکی نوێی سەربازیی بەجددی وەردەگرین، وەکو وتوومانە، سەرکۆنەی بەردەوامبوونی تاقیکردنەوە موشەکیە باڵیستیکیەکانی کۆریای باکوور دەکەین، کە دەبنە هۆی ناسەقامگیری لە ناوچەکە و جیهانیشدا."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG