Accessibility links

ڕێکخراوە ناحکومییەکانی 31 وڵات داوای قەدەغەکردنی هەناردەی چەک بۆ میانمار دەکەن


131 ڕێکخراوی ناحکومی 31 وڵات لە نامەیەکی کراوەدا کە ئاڕاستەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیان کردووە داوا دەکەن بەزووترین کات هەناردەی چەک بۆ میانمار قەدەغە بکرێت، ئەوەش بەمەبەستی ئەوەی سوپای وڵاتەکە نەتوانێت چیتر " پێشێلکاری زیاتر ئەنجام بدات."

ڕێکخراوەکان لە نامە هاوبەشەکەیاندا وتیان " وەکو وەڵامێک بۆ کودەتا سەربازییەکە و ڕێگەگرتن لە پێشێلکاری دیکە، دەبێت ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەپەلە هەناردەکردنی چەک لە جیهانەوە بۆ میانمار قەدەغە بکات."

وتیشی " دەبێت ئەو حکومەتانەی کە چەک ڕەوانەی میانمار دەکەن، لەوانەش چین و هیندستان و ئیسڕائیل و کۆریای باکوور و فیلیپین و ڕوسیا و ئۆکرانیا، بەزووترین کات هەناردەی چەک و تەقەمەنی بۆ ئەو وڵاتە ڕابگرن." ئەمەش دوای ئەوەی لە مانگی دوودا سوپای میانمار کودەتایەکی سەربازی بەسەر حکومەتی وڵاتەکەدا ئەنجامدا و ڕابەری وڵاتەکە ئۆنگ سان سوچیان دەستگیرکرد.

بەڕێوبەری ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ کە تایبەتە بە بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ کینیث ڕوث وتی " بە لەبەرچاوگرتنی ئەو کردەوە توندوتیژیانەی دژی ڕۆهینجیا ئەنجامدراون و هەروەها بە لەبەرچاوگرتنی چەند سەدەیەک لە جەنگ و لەناوبردنی حکومەتی هەڵبژێردراو، کەمترین شت ئەنجومەنی ئاسایش بتوانێت بیکات ئەوەیە هەناردەکردنی چەک لە جیهانەوە بۆ میانمار قەدەغە بکات."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG