Accessibility links

ڕێکخراوێکی دژی چەکی ناوکی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی ئەمساڵ دەباتەوە

  • VOA News

ڕێکخراوی هەڵمەتی نێودەوڵەتی بۆ نەهێشتنی چەکی ناوکی ICAN خەڵاتی ئەمساڵی نۆبڵ بۆ ئاشتی بردەوە، ئەمەش وەک پـێزانینێک بۆ هەوڵەکانی ئەم ڕێکخراوە لە پـێناو ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی چەکی ناوکی بە جیهاندا.

بێریت ڕایس ئەندرسن سەرۆکی کۆمیتەی نۆبڵ ئەمڕۆ هەینی لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویژ گوتی ڕێکخراوی International Campaign to Abolish Nuclear Weapons خەڵاتی نوبڵ بۆ ئاشتی ساڵی 2017 ی بردەوە وەک پاداشتێک بۆ کارەکانی لە پـێناو ڕاکێشانی سەرنجەکان بۆ ئاکامە کارەساتبارەکانی دەکەونەوە لە ئەنجامی بەکارهێنانی هەر چەکێـکی ناوکیدا، وە هەروەها بۆ ئەو هەوڵانەی پـێشتر داویەتی بۆ گەیشتن بە پەیماننامەی قەدەغەکردنی ئەم جۆرە چەکە.

بێریت ڕایس ئەندرسن سەرۆکی کۆمیتەی نۆبڵ
بێریت ڕایس ئەندرسن سەرۆکی کۆمیتەی نۆبڵ

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد هەوڵەکانی ڕێکخراوەکە وەهای کردووە هەڵمەتی قەدەغەکردنی بڵاوکردنەوەی چەکی ناوکی گڕوتینێک و ئاڕاستەیەکی نوێ وەربگرێت.

هاوکات کۆمیتەکەی نۆبڵ داوای لە وڵاتانی خاوەن چەکی ناوکی کرد دەسـتبکەن بە دانوستاندنی ڕژد بۆ نەهێشتنی چەکی ناوکی لە جیهاندا. بەپـێی کۆمیتەکە نزیکەی 15 هەزار کڵاوەی ئەتۆمی لە جیهاندا هەیە.

جێی ئاماژەیە ئەم ڕێکخراوە کە پـێکهاتووە لە هاوپەیمانێتیـیەکی ژمارەیەک گروپی ناحکومی لە نێو نزیکەی 100 وڵات، کاردەکەن بۆ جێبەجێکردنی ڕێکەوتنـنامەی نەهێشتنی بڵاوبوونەوەی چەکی ناوکی بە جیهاندا و هەروەها هەوڵ دەدەن خەڵکی هۆشیاربکەنەوە لە ئاکامە مەترسیدارەکانی بەسەر ژینگە و تەندروستی دەکەونەوە ئەگەربێت و چەکی ناوکی بەکاربهێنرێت.

کۆمیتەی نۆبڵ 318 ناوی پـێگەیشت وەک کاندید بۆ بردنەوەی خەڵاتی ئەمساڵ. خوان مانۆئێل سانتۆس سەرۆکی کۆلۆمبیا خەڵاتەکەی ساڵی ڕابردووی بردەوە، ئەمەش وەک پـێزانینێک بۆ هەوڵەکانی لە پـێناو کۆتایی‌هێنان بە شەڕی ناوخۆی وڵاتەکەی.

XS
SM
MD
LG