Accessibility links

ڕێبەرێکی جوداخواز لە نایجیریا دادگایی دەکرێت


ڕێبەرێکی جوداخواز لە نایجیریا دادگایی دەکرێت

هێزێکی زۆری ئاسایشی لە دەرەوەی دادگای باڵای نایجیریا دانراون هاوکاتی دەستپێکردنەوەی دادگاییکردنی ڕێبەرێکی جوداییخوازان کە مانگی ڕابردوو درایەوە دەست دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە.

ننامدی کانو، لە بەرەی دانیشتوانە ڕەسەنەکانی بیافرانە، کە ڕێکخراوێکی لە یاسا دەرچووە و هەوڵی جیاکردنەوەی هەرێمی بیافراندایە لە باشوری ڕۆژهەڵاتی نایجیریا، لە کۆتایی مانگی شەشدا درایەوە بە نایجیریا بۆ دادگاییکردن.

کانو لە کۆتایـیەکانی ساڵی 2015دا لە نایجیریا دەستگیرکرا، بەڵام لە ساڵی 2017دا پاش ئەوەی بە متمانەی دارایی ئازادکرا، ئیتر دیارنەما.

وەزیری دادی نایجیریا لە ڕاگەیەندراوێکدا لە کۆتایی مانگی شەشدا دەڵێت "نامدی دەستگیرکراوە و گەڕێندراوەتەوە بۆ نایجیریا تا داگاییکردنەکەی دەستپێبکاتەوە پاش دیارنەمانەکەی."

ئەبوبەکر مەلامی، دەشڵێت؛ ژمارەیەک تاوان ڕووبەڕووی نامدی کراونەتەوە، لەوانە تێرۆریزم و پیلانگێڕانی خیانەتکردن و بەڕێوەبردنی ڕێکخراوێکی لە یاسا دەرچوو و بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندەی نەخوازراو و ژمارەیەک تاوانی تریش.

کاربەدەستانی نایجیریا ناڵێن ننامدی لە کوێ دەستگیرکراوە بەڵام کەسوکارەکەی و پارێزەرەکانیشی دەڵێن لە وڵاتی کینیا دەستگیرکراوە.

لە کاتێکدا ئەمڕۆ دووشەممە دادگایی ننامدی لە ئابوجا، پایتەختی نایجیریا دەستیپێکردووە، ڕێگە نەدراوە ڕۆژنامەوانان بچنە هۆڵی دادگاوە. ڕێکخراوەکانی داکۆکی لە مافەکان دەکەن، ناڕەزایی توندیان دەربڕیوە بەرامبەر ئەم هەنگاوەی دەسەڵاتدارانی نایجیریا.


سەرچاوە / ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG