دانیشتوانی ویلایەتی نایجەر لە باکووری نایجیریا بە ڕۆیتەرزیان وت کۆمەڵێک چەکدار کە ماتۆڕیان پێبووە لانی کەم 18 کەسیان لە مزگەوتێکدا لە ویلایەتەکە کوشتووە.
دانیشتوانی ناوچەکە وتیان چەکدارەکان نزیک کاتژمێر 5 ی بەیانی گەیشتوونەتە مازا کوکای ناوچەی ماشیگۆ.
دانیشتوویەکی ناوچەکە بە ناوی عەبدولجانیو حەسەن بە ڕۆیتەرزی وت " هاتن و یەکسەر چوونە مزگەوتەکەوە و کوێرانە تەقەیان لە نوێژخوێنان کرد."
حەسەن وتی زیاتر لە 10 کەسی دیکەیان ڕفاندووە، شایەتحاڵێکی دیکە بە ناوی بێلۆ ئەیوبا وتی لانی کەم 20 کەسی دیکە برینداربوون.
وتەبێژی پۆلیسی ویلایەتی نایجەر تاوەکو ئێستا هیج لێدوانێکی لەسەر هێرشەکە نەداوە.
گروپە چەکدارییەکانی چەتەکان لەم ساڵدا لەپێناو دەستکەوتنی پارەدا سەدان کەسیان لە سەرانسەری باکووری ڕۆژئاوای نایجیریا ڕفاندووە یاخود کوشتوویانن، بەڵام بەرپرسانی ویلایەتی نایجەر لەمدواییانەدا وتیان ڕێکخراوی بۆکۆ حەرامی سەر بە داعش کۆمەڵێک ناوچەی ویلایەتەکەی کۆنتڕۆڵکردووە، پارە دەدەن بە گوندنشینەکان تاوەکو یارمەتیان بدەن لە شەڕیاندا دژی حکومەت.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز