فەرمانڕەوای ویلایەتی ناوەندی نایجەری باکووری نایجیریا ئەلحاجی بێلۆ وتی کۆمەڵێک چەکدار لە هێرشێکدا بۆ سەر گوندە دوورەدەستەکانی ویلایەتەکە 11 ئەندامی هێزەکانی ئاسایش و کۆمەڵێک گوندنیشینیان کوشتووە.
لەم ساڵانەی دواییەوە چەتەکان دەستیانکردووە بە تیرۆرکردنی دانیشتوانی ناوچەکانی باکووری نایجیریا، هەزاران کەسیان ناچارکردووە لەو ناوچانە هەڵبێن و دانیشتوانی ناوچەکە دەڕفێنن و داوای پارە دەکەن بۆ ئازادکردنیان.
بێلۆ وتی هێرشەکە ڕۆژی یەکشەممە لە ناوچەی شیرۆرۆ ڕوویداوە و لەلایەن " تیرۆریستانەوە " ئەنجامدراوە.
ساڵی ڕابردوو بەرپرسانی ناوخۆی ناوچەکە وتیان چەکدارانی بۆکۆ حەرام لە ئێستادا لە شیرۆرۆ بوونیان هەیە. ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە گروپی بۆکۆ حەرام لە باکووری ڕۆژهەڵاتی نایجیریادا چالاکن.
بێلۆ وتی " تیرۆریستان کە ژمارەیان لە 100 چەکدار زیاتر بووە بە ڕۆژی ڕووناک کۆمەڵگەیەکیان داگیرکردووە و نزیکەی 11 کەسیان لە ئەندامانی ئاسایش و کۆمەڵێک گوندنشینیان کوشتووە و ژمارەیەکی دیکەیان بە برینداریی بەجێهێشتووە." ئاماژەشی بەوەدا ژمارەیەکی زۆر لە چەکدارەکانیش لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە کوژراون.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز