Accessibility links

کۆمەڵێک چەکدار 43 کەس لە باکووری نایجیریا دەکوژن


حکومەتی ویلایەتی سۆکۆتۆی نایجیریا دەڵێت کۆمەڵێک چەکداری سەر بە باندێکی چەتەی گومانلێکراو هێرشیان کردۆتەسەر بازاڕێکی ویلایەتەکە کە دەکەوێتە باکووری ڕۆژئاوای نایجیریاوە و 43 کەسیان کوشتووە.

ماوەی چەند ساڵێکە باکووری ڕۆژهەڵات و ناوەڕاستی نایجیریا بەدەست چەتەکانەوە دەناڵێنن، چەتەکان هێرش دەکەنە سەر گوندەکان و تاڵانیان دەکەن، بەڵام لەم مانگانەی دواییدا هێرشەکانیان توندتر بوون.

وتەبێژی ویلایەتی سۆکۆتۆ محەمەد بێلۆ لە بەیاننامەیەکدا وتی " دوابەدوای هێرشی چەتەکان لە گوندی گۆرۆنیۆ، کوژرانی 43 کەس پشتڕاست کراوەتەوە."

بێلۆ بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسی وت " ڕۆژی بازاڕکردن بووە و ژمارەیەکی زۆر لە بازرگانەکان لەوێ بوون."

لەلای خۆیەوە وتەبێژی پۆلیس سانوسی ئەبوبەکر هەواڵی هێرشەکەی چەتەکانی بۆ سەر گۆرۆنیۆ پشتڕاست کردەوە. وتی " ئەفسەرانی ئاسایش لەوێن تاوەکو لێکۆڵینەوەکان ئەنجام بدەن." بەڵام هیچ وردەکارییەکی دیکەی نەدا.

جێی ئاماژەیە چەند هەفتەیەکە هێڵەکانی پەیوەندییە تەلەفونیەکان لە ناوچەکەدا پچڕاون تاوەکو ڕێگە لە چالاکیەکانی چەتەکان بگرن، بەمەش کۆکردنەوەی زانیارییەکان قورس بووە.

لە 8 ی مانگی 10 دا گروپێکی چەتە هێرشیان کردە سەر بازاڕێک لە گوندێکی دیکە لە ناوچەی سابۆن بیرینی و 19 کەسیان کوشت.

مانگی ڕابردوو بە هەمان شێوە کۆمەڵێک چەکدار هێرشیان کردەسەر بنکەیەکی ئاسایش لە سابۆن بیرینی و 17 کەسیان لە هێزەکانی ئاسایش کوشت.

ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ دەڵێت لە مانگی یەکی ساڵی 2020 ەوە نزیکەی 5000 کەس بە تەنها لە باکووری ڕۆژئاوای نایجیریا ماڵەکانیان جێهێشتووە.

لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 80,000 کەسی دیکە هەڵهاتوون بۆ وڵاتی نایجەر.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG