Accessibility links

دەیان چەکداری بۆکۆ حەرام خۆیان ڕادەسـتی دەسەڵاتدارانی نەیجەر دەکەن


وەزیری ناوخۆی نەیجەر دەڵێت دەیان چەکداری بۆکۆ حەرام خۆیان ڕادەسـتکردووە لە باشوری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەی، ئەمەش پاش چەند ڕۆژێـک لەوەی ئەم گروپە توندڕەوە دوچاری زیانێـکی گەورە بوو لەسەر سنووری نەیجەر لەگەڵ نەیجیریا.

محەمەد بازۆم ئەمڕۆ سێشەممە لەسەر تویتەرەکەی ڤیدیۆیەکی خۆی بڵاوکردووەتەوە لەو کاتەی سەردانی ناوچەکەی کردبوو و چاوی بە ژمارەیەکیان کەوتبوو. لەسەر ڤیدیۆکە نووسیویەتی " 31 گەنجی شارۆچکەی دیفا کە چەند ساڵێـک لەمەوبەر پەیوەندیـیان بە بۆکۆ حەرام کردبوو بڕیاریان دا خۆیان ڕادەستبکەن."

پـێشتر ئەم گەنجانە کۆمەڵ‌کۆمەڵ گەڕاونەوە و خۆیان ڕادەسـتی کاربەدەسـتان کردووە.

شارۆچکەی دیفا لە ناوچەیەکی بیابانی باشوری ڕۆژهەڵاتی نەیجەرە لە نزیک سنووری نایجیریا.

یەکێـک لەوانەی پـێشتر چەکداری بۆکۆ حەرام بوو بە کەناڵی تەلەفیزیۆنی حکومی وڵاتەکەی وت " کە زانیم ئەوانەی خۆیان ڕادەستکرد دەسـتگیر نەکران، منیش بڕیارم دا خۆم ڕادەستبکەم."

گوتیشی پـێشبینی دەکەن حکومەت لێبوردنیان بۆ دەربکات.

مانگی شەش دەیان هەزار کەس لە شارۆچکەی دیفا ئاوارەبوون پاش ئەوەی ناوچەکەیان کەوتە بەر شاڵاوی بۆکۆ حەرام. مانگی نۆ لە نزیک دیفا 5 سەربازی نەیجەر بە دەسـتی چەکدارانی بۆکۆ حەرام کوژران.

هەردوو مانگی دە و یازدە سەدان چەکداری بۆکۆ حەرام خۆیان ڕادەسـتی وڵاتی چاد کرد.

بۆکۆ حەرام لە ماوەی حەوت ساڵ لە شەڕ و کوشتنکاری 15 هەزار کەسی کوشتووە و بووەتە مایەی ئاوارەبوونی زیاتر لە 2 ملیۆن کەس. لەم ساڵانەی دوایی هێرشەکانی گەیشتنە نەیجەر و کامیرۆن و چاد. دەڵێن ئامانجیان دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسلامیـیە.

XS
SM
MD
LG